وتەبێژی پارتی: لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتووین

کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆتایی هات و دوای کۆبوونەوەکەش وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند، لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتوون لەسەر پێکهێنانى حکومەت و سەرۆکایەتى هەرێم و پرسی کەرکوک.


ئەمڕۆ شاندى دانوستانکارى یەکێتى و پارتى لە سلێمانى کۆبوونەوە و دواى کۆبوونەوەکەش، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا مەحمود محەمەد، وتەبێژى پارتى ڕایگەیاند: زۆربەى کێشەکانمان لەگەڵ یەکێتى بە تەوافق چارەسەر کراوە و سبەی یەکێتى بڕیارى کۆتایی لەسەر ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە دەدات، تەنیا ئەوە ماوە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پەسەندی بکات و ڕێککەوتنەکە دواتر واژۆ بکرێت.

ڕاشیگەیاند: لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتووین لەسەر پێکهێنانى حکومەت و سەرۆکایەتى هەرێم و پرسی کەرکوک.

دواتر سەعدى ئەحمەد پیرە، وتەبێژى یەکێتى وتی: ڕێککەوتووین کە پاریزگاری کەرکوک بە ڕێککەوتن دابنرێت و هەروەها بۆ پرسی وەزارەتی داد، بڕیاردراوە، کە ئەو پرسە لەلایەن مەسعود بارزانی و یەکێتییەوە یەکلایی بکرێتەوە.

لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانیشەوە سەعدی پیرە وتی: دەبێت دامەزراوە شەرعییەکانمان چالاک بکەینەوە و هیچ لایەنێک باش ناکات، کە لە کۆبوونەوەی پەرلەمان خۆی بدزێتەوە، بۆیە یەکێتی لە کۆبوونەوەی ١٨ـی مانگی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەشداریی دەکات.


ک.ک