یەكشەممە, 1 أبر 2018 – 17:46
ڕۆژنیوز – عەلی قادر
“لە پەکەکەی قبوڵناکەین لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە هێرش دژی تورکیا ئەنجامبدات”، ئەمە ئەو وتەیەی نێچیرڤان بارزانی بوو، کە گەنجانی شارۆچکەی ڕانیەی هێنایە سەر شەقام، ئەوان ئەو وتەیەی بارزانی بە “شەرعیەتدان” بە داگیرکاریی تورکیا لە باشوری کوردستان ناودەبەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ، ژمارەیەک گەنجی دانیشتووی شارۆچکەی ڕانیە-ی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، لەبەردەم باخی گشتیی شارۆچکەکە، گردبوونەوەیەکیان دژی هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبەرامبەر داگیرکارییەکانی تورکیا لە باشوری کوردستان ئەنجامدا.
بەهرۆز قادر، وەک نوێنەری ئەو گەنجانە، بەیاننامەی گردبوونەوەکەی خوێندەوە و تیایدا هاتبوو: هەرگیز قبوڵی ناکەین شەرعیەت بدرێتە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر چیاکانی باشوری کوردستان.
ئەوەش هاتووە: بەڕێوەبردنی سیاسەتی عەشیرەتگەرایی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی-یەوە، کە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانە، ئەم خاکەی بێ قیمەت کردووە و هەر ڕۆژە و بە داگیرکەرێکی دەفرۆشێت بەتایبەت تورکیا، پێویستە داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکات و دەستبەرداری ئەو سیاسەتەبێت.
لەکۆتایی بەیاننامەکەدا، هاتبوو: بارزانی و بنەماڵەکەی ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ تورکیا کردووە بۆ دژایەتی گەلی کورد، بۆیە پێویستە سەرجەم چین و توێژەکان هەڵوێستی جددیان هەبێت و بەتایبەت گەنجان، ڕێگا بە داگیرکەران و خیانەتکاران نەدەن کە خاکەکەمان داگیربکەن.
ڕۆژی ٢٨ ی ئاداری ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەربارەی هێرشەکانی سوپای تورک لەسەر هەرێمی کوردستان، هیچی بەرامبەر حکومەتی ئاکەپە نەوت، تەنانەت هێرش و شەهیدکردنی هاوڵاتییانی مەدەنیشی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکەوە ئیدانە نەکرد و جارێکیتر دژی پەکەکە وتی: ئێمە بە پەکەکەمان وتووەو قبوڵ ناکەین لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا هێرش بکەن.
ب.ل