ورمێ، زیندانییەکی کورد بە بڕینەوەی دەست سزادرا

زیندانییەکی خەڵکی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دادگای ورمێوە بە بڕینەوەی دەستی سزادرا.


دادگای ورمێ بە تۆمەتی دزییکردن سزای دەست بڕینەوە بەسەر کەسرا کەرەمی دا سەپاندووە و وابڕیارە تا ١١ ڕۆژی دیکە، واتە کۆتایی مانگی مێهری هەتاوی سزاکەی جێبەجێ بکرێت.

کەسرا کەرەمی، لە ساڵی ٢٠١٤ لە شاری ورمێ دەستگیرکراوە، لە زیندان لەژێر ئەشکەنجەدا دانی بە ژمارەیەک دزی دا ناوە و بەو پێیەش ئەو سزا دژە مرۆیانەیەی بەسەردا سەپێندراوە.

پاش ئەوەی دادگای ورمێ سزای بڕینەوەی دەستی ناوبراوی دەرکرد، بڕیارەکە برایە دیوانی باڵای وڵات لە ئێران، ئەو دیوانەش سزاکەی پەسندکرد.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەر زاری پارێزەری کەسرا کەرەمییەوە ڕایگەیاندووە، کە سزای ناوبراو ١١ ڕۆژی دیکە لە ورمێ جێبەجێ دەکرێت و دەستی دەبڕدرێتەوە.

ش.ف