وێڕای نیگەرانییان لایەنەکانی کەرکوک پشتیوانی کاندیدەکەی پارێزگار دەکەن

حزبە كوردییەكان لە شاری كەركوك ڕایدەگەیەنن، ئەوان لەگەڵ دانانی پارێزگای كوردن بۆ كەركوك، دەشڵێن "دەبوو پرس و ڕاوێژ بە حزبە كوردییەكان بكرایە"، هەروەها وەڵامی لایەنی عەرەبی و توركمانی کەرکوک دەدەنەوە و بە دژە كورد ناویان دەبەن.


١١ی ئەم مانگە، یەکێتی و پارتی 'تەیب جەبار'یان وەك كاندیدی لیستی برایەتی كەركوك بۆ پارێزگاری کەرکوک دیاریی کرد، ئەگەرچی کاردانەوەی توندی تورکمان و عەرەبی لێکەوتەوە، هەروەها لایەنە کوردییەکانی دیکەی نیگەران کرد، بەڵام چەند لایەنێکی سیاسیی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و پشتیوانی کاندیدەکەی لیستی برایەتی دەکەن.

شوان محەمەد، بەپرسی كەركوكی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی بە سیاسیی ناوهێنا، کە پرسی لایەنەکانی دیکەیان نەکردووە، پێشی وابوو، کە دەبوو دوای ١٦ ئۆکتۆبەر کاندیدیان یەکلابکردایەتەوە، بەڵام "لەڕووی دەستووریی و یاساییەوە کورد هیچ هەڵەیەکی نەکردووە".

شوان ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی و پارتی لیژنەیان دروستکردووە بۆئەوەی چ لەکەرکوک و چ لەبەغدا ڕەزامەندی لایەنەکان وەرگرن، دەربارەی ناڕەزاییەکانی هاوپەیمانی عەرەبی، ڕایگەیاند:"ئەوە هەڵوێستێكی شۆڤێنییانەیە و لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە تەعریبەدایە كە لە كەركوك بەڕێوەدەچێت".

محەمەد جەلیل، بەپرسی مەڵبەندی پێنجی كۆمەڵەی ئیسلامی لە كەركوك، نیگەران بوو لەوەی کە پارتی و یەکێتی هیچ پرسیان بە لایەنە کوردییەکانیش نەکردووە، لەکاتێکدا لە کۆبوونەوەی حزبە سیاسییەکاندا بڕیاربووە کە بە ڕاوێژ کاندیدی پارێزگار دابنرێت، ئەوەشی وت:"بەڵام ئێمە پێمانوایە ئەو پۆستە مافی كوردە و دەبێت ئەو پۆستە بۆ كورد بێت، ئێمە پشتگری لە پارێزگارێك دەكەین كە خزەمەتگوزاربێت"

لەسەر دژایەتیی لایەنەکانی تورکمان و عەرەب لە کەرکوک، محەمەد وتی: ئەوان لە ساڵی ٢٠٠٣وە هەڵوێستیان دژایەتی کوردبووە، بۆیە ئێمە پێمان وایە لەم قۆناغە دەبێت كورد پشتگیری لەو کاندیدە بکات.

هەروەها كۆمەڵ سەرمەد، هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادیی- هەرێمی کەرکوک، یەکێتی و پارتی لە ڕابردووشدا لەسەر هەموو شتەکان خۆیان ڕێککەوتوون، کە "خۆشیان سەرچاوەی کێشەکانن، بەڵام ئیستاش ڕێكەوتنیان بۆ دانانی پارێزگاری كورد بۆ كەركوك لەسەر پشكی یەكێتی هەنگاوێكی ئەرێنییە، بەڵام تێبینیمان لەسەر ئەوە هەیە، هیچ لایەنێکی دیکەی کورد پرسی پێ نەکراوە، هەروەها تورکمان و عەرەبیش بێ ئاگابوون".

ئاماژەی بەوەش کرد، "هەمووکاتێک هاوپەیمانی عەربی و بەرەی توركمانی لە كەركوك دژایەتی گەلی كوردیان كردووە و بە عەقڵیەتێكی شۆڤێنی مامەڵە لەگەڵ دۆخی كەركوك دەكەن، ئەوان بە عەقڵیەتی بەعسی هەوڵی تەعریب كردنی كەركوك دەدەن".

س.ح