وەدات حسێن لەسەر مەزارەکەی بەبیرهێندرایەوە

ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لەسەر مەزارەکەی لە شاری دهۆک، یادی سێیەمین ساڵەی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن، پەیامنێری ڕۆژنیوز-یان کردەوە و داوایانکرد، کە بکوژانی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەستگیربکرێن و بدرێنە دادگا.


کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان-ی شاری دهۆک بەبۆنەی سێیەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن، پەیامنێری ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) لە شاری دهۆک، چوونە سەر مەزارەکەی لە مەزارگەی شاخکێ-ی دهۆک.

هەریەکە لە دکتۆر کامیران بەرواری، سیاسەتمەدار و مامۆستای زانکۆ و سیپان ئامێدی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەناو ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانەدا بوون کە چوونە سەر مەزارەکەی شەهید وەدات.

ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان لەسەر مەزاری شەهید وەدات گردبوونەوە و وێنەی شەهید وەدات حسێن و ڕۆژنامەنووسانی دیکەی شەهید و فلێکسی جیاجیایان بەرزکردبووەوە.

لە گردبوونەوەکەشدا بەیاننامەی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان خوێندرایەوە و تێیدا ئاماژە بەوەکرا، کە سەباری تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی وەدات حسێن-دا، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بە تۆمەتی ئەو تاوانە دەستگیرنەکراوە و هیچ بەرەوپێشچوونێکیش لە کەیسەکەیدا نییە.

هاوکات داواش کرا، کە چیتر کەیسی وەدات حسێن بە هەمان ئاقاری تیرۆری ڕۆژنامەنووسانی پێش خۆی نەبرێن و بکەرانی بدۆزرێنەوە و بەسزا بگەیەندرێن.

جێی باسە ئەمڕۆ ١٣ی ئاب، سێ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی وەدات حسێن عەلی، ناسراو بە وەدات دهۆکی، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز لە شاری دهۆک تێپەڕبوو. بڕیاریشە ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە ئاژانسی ڕۆژنیوز مەراسیمی سێیەمین ساڵیادی شەهیدکردنی وەدات حسێن لە سلێمانی بەڕێوەببات و تێیدا سێیەمین خەڵاتی وەدات-یش بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەریی ببەخشرێت.

ب.ل