وەزارەتی تەندروستی: هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار نەکراوە

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کورستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا هەواڵی میدیا عێراقییەکانی لەبارەی بوونی توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەدرۆ خستەوە و ڕایگەیاند، کە هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە.


ئەمڕۆ هەندێک لە میدیاکانی عێراق، ڕایانگەیاند، یەکەم نەخۆشی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، کەمێک پێش ئێستاش وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو هەواڵانەی بەدرۆخستەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە: وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕای گشتی و دامودەزگاکانی میدیا ڕایدەگەیەنێت کەوا هیچ حاڵەتێکی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ (2019-nCoV) لەهەرێمی کوردستان بوونی نییە و تۆمار نەکراوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەداخەوە لە چەند پەیج و میدیایەک بەبێ هیچ سەرچاوەیەک و دوور لە ڕاستی و بەبێ هیچ بنەمایەک هەواڵی بوونی ئەم نەخۆشیەیان بڵاوکردۆتەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی-دا هاتووە: لێرەدا هاوڵاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کە دامودەزگاکانی تەندروستی زۆر بەووردی و بە بەردەوام چاودێریی ڕەوشی ئەم نەخۆشیە دەکەن، بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارە نێودەوڵەتیەکان و ڕێککارە پێویستەکان دەگیرێتەبەر بۆ ڕێگەگرتن لەم نەخۆشیە، هەروەها ڕایدەگەیەنین کەوا جگە لە وەزارەتی تەندروستی و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO، لەسەر ئاستی جیهاندا هیچ لایەنێکی دیکە بەسەرچاوەی فەرمی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە داناندرێت.

د.ع