وەزارەتی تەندروستی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، ١٢ تووشبووی کۆرۆنا لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا تۆمارکراوە.


دەربارەی نوێترین ئاماری تووشبووانی کۆرۆنا، کەمێک لەمەوبەر، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"ژمارەی هاووڵاتیان لە کەرەنتینەکان (٥٥٠٣) هاووڵاتی بوون لە (٣٦) شوێنی جیاواز، لەئێستادا تەنها (١٠٩٢) هاووڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە (١٣٣) لە هەولێر، (١٢٧) لە سلێمانی، (٧٥١) لە دهۆك، (٥٠) لە هەلەبجە، (٣١) لە ڕاپەرین وە (٤٤١١) هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو بوونی ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ کەرەنتین کردنی ژمارەیەکی تری کەرەنتین کراو لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو کە کۆی گشتی بریتی بوو (٢٩) هاووڵاتی".

دەربارەی پشکنین و تووشبووانی نوێ، لە بەیاننامەکەدا هاتووە:"لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو (٦٠٧) پشکنین ئەنجام دراوە، (٣٩٥) هەولێر، (١١١) سلێمانی، (١٠١) دهۆك، دەرەنجام (١٢) تووشبووی نوێ تۆمارکرا".

دەربارەی تووشبووان هاتووە:"پارێزگای هەولێر (١) پۆزەتیڤ، کە ئافرەتێکی تەمەن (٢٢) ساڵ وە بەرکەوتووی تووشبووەکەی ناحیەی خەلیفانە، پارێزگای سلێمانی (٥) پۆزەتیڤ، (٤) لە ناو شاری سلێمانی، پیاوێك تەمەن (٢٥) ساڵ کە پێشینەی گەشتی هەیە، (٣) ئافرەت تەمەنیان (٤٦)، (٢٧)، (٢٥) ساڵ کە تەنها دوویان بەرکەوتەن، وە پیاوێك لە دەربەندیخان تەمەن (٣٧) ساڵ کە بەرکەوتەی تووشبووی پێشووە، هەروەها پارێزگای هەلەبجە (٦) پۆزەتیڤ، کە (٢) پیاو تەمەنیان (٧٣)، (٥٨) ساڵ، (٢) ئافرەت تەمەنیان (٧٥)، (٣٩) ساڵ، (٢)منداڵ تەمەنیان (٥) ساڵ کە بەرکەوتەی تووشبووەکەی پێشوون".

کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان گەشتە ١٦٢ کەس، لە نێویاندا دوو مردن هەیە و ٥٧ نەخۆش چاکبووەتەوە، و ئەوانیتر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

س.ح