وەزارەتی دەرەوەی سوید لە گەمارۆی سەر کامپی مەخمور ئاگادار دەکرێتەوە

وەزارەتی دەرەوەی سوید لە گەمارۆی پارتی بۆ سەر کامپی مەخمور ئاگادار دەکرێتەوە و داوای لێدەکرێت لەو بارەیەوە نامەیەک ئاراستەی یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان بکات.


دوێنێ شاندێکی گروپی ١٧ی شوبات کە پێکهاتبوون لە قادر نادر و هۆگر ئیبراهیم، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی سویدییان کرد.

شاندەکەی گروپی ١٧ی شوبات لەگەڵ (کاترین مونسون، میکائیل ئولمهود) بەرپرسان لە بەشی تورکیا و عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی سوید کۆبونەوە.

شاندەکە وەزارەتی دەرەوەی سویدیان لە پێشێلکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین ئاگادار کردەوە و ڕوونیان کردەوە کە دەسەڵاتدارانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕووداوی کوژرانی ئەندامەکەی میتیان لە هەولێر بە دەرفەت زانیوە بۆ لێدان لە نەیارەکانی و لەدوای ئەو ڕوداوەوە چەندان کەسی گرتووە و گەمارۆی خستووەتە سەر کامپەکە لەو بارەیەوە شاندەکە ڕوونکردنەوەی زیاتری داوەتە وەزارەتی دەرەوەی سوید و ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە پارتی وەک بارمتەی سیاسی مامەڵە لەگەڵ ئەوکەسانە دەکات کە لەو کامپە نیشتەجێن. 

هاوکات شاندەکەی گروپی ١٧ی شوبات داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی سوید کردووە کە بەو پێیەی کامپەکە لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکاندایە پێویستە کار بۆ ئەوە بکەن کە دانیشتوانی کامپەکە وەک پەنابەر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و چیتر ڕێگری لە مافی هاتوچۆیان نەگیرێت کە بەهۆیەوە تائێستا دوو ژن منداڵەکانیان لەبار چووە و خوێندکارانی کامپەکەش گرفتییان بۆ دروست بووە.

لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەشدا هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان و دروستکردنی ناوچەی ئارام گفتوگۆی لەبارەوە کراو وەزارەتی دەرەوەی سوید ئاگادار کرایەوە کە ئامانجی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوا داگیرکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای ڕۆژئاوایە.

ک.س