وەزارەتی رۆشنبیری دواین ئاگاداركردنەوە لەبارەی دراما توركییەكان دەداتە كەناڵەكان

بەڕێوەبەری گشتی چاپ و بڵاوكراوەكان، هۆشداری دەداتە ئەو کەناڵانەی تائێستا بەردەوامن لە پەخشکردنی زنجیرە فیلم (دراما) تورکییەکان و دەڵێت: ئەگەر ئەو کەناڵانە پێداچوونەوە بەو درامایانە نەكەن ئەوا ئێمە ناچار دەبین كاردانەوەمان هەبێت و لە ڕێگەی لیژنەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکەین.


ئەو هەنگاوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاپ و بڵاوكراوەكانی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەدێت كە لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی ئەوقاف بە نوسراوێك ئاماژەی بەوەكردبوو كە پەخشی زنجیرە فیلم (دراما) دۆبلاژكراوەكان بە تایبەتی دراما توركییەكان لەگەڵ ئادابی كۆمەڵگای كوردی ناگونجێن و هۆكارێكن بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران، بۆیە داوای لە وەزارەتی رۆشنبیری كردبوو پەخشی ئەو جۆرە زنجیرە فیلمانە سنوردار بكات، بەڵام تائێستا بەشێک لە کەناڵەکان بەردەوامن لە پەخشکردنی ئەو زنجیرە فیلمانە.

بەرێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوكراوەكان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایدەگەێنێت دوای نوسراوەكەی وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی زنجیرە فیلم (دراما) تورکییەکان دواین ئاگادراكردنەوەمان ئاراستەی كەناڵەكان كردوە بەمەبەستی پێداچوونەوە بەو زنجیرە فیلمانەی لەگەڵ دابوونەریتی كۆمەڵگادا ناگونجێت.

لەو بارەیەوە شێروان عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتی چاپ و بڵاوكراوەكان بە ڕۆژنیوزی وت: پێشتریش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامە نووسیدا، ئاماژەمان بەو نووسراوەی وەزارەتی ئەوقافدا، وە ڕێنماییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری كە كاری پێدەكات لەبارەی ئەوەی پەیوەستە بە كوالێتی ڕاگەیاندن یان سەرپێچیكردن بە ووردی خستمانە ڕوو، ڕوونمان کردەوە کە پێویستە كەناڵەكان چۆن كاربكەن و بەرنامەكانیان پەخش بكەن و بیخەنەڕوو.

لە هەمانكاتدا، ئاگادارمانکردنەوە لەو حاڵەتانەی كە سەرپێچی بكەن ئەوا دەتوانین سزایان بدەین، وە پێمان گوتوون ئەگەر لە ماوەی ڕابردوو بە ووردی كار بەو ڕێنماییانە نەكرابێ، بەڵام لە داهاتوودا بە ووردی خاڵ بە خاڵ لەسەر ئێوەی جێبەجێ دەكەین، بۆیە پێداچوونەوە بە بەرنامەكانتاندابكەن، بەتایبەتی ئەو زنجیرە فیلم (دراما)یانەی كە پەخشی دەكەن لە ئەنجامدا پێویستە لایەنی چارەسەر بخاتەڕوو، نەك وەک ئەوەی ئێستا هەندێك دراما پەخش دەكرێت هیچ ئەنجامی نیە، بەڵكو كاری خراپ و دابڕانە، بۆیە پێویستە بەپێی ئەو كاردانەوانەی كە دەسەڵاتمان هەیە ئەنجامی بدەین.

وتیشی: بە سەرپەرشتیارانی كەناڵەكانمان گوتووە دەبێ پێداچوونەوە بەو زنجیرە فیلم (دراما)یانە بكەن و ئەگەر خۆتان هەڵسەنگاندتان نەكرد بۆ ئەوە، ئەوا ئێمە ناچار دەبین كاردانەوە بكەین، لەهەمان كات لەسەر پێشنیازی وەزارەتی ئەوقاف داوای هەماهەنگیمان كرد لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی هەڵسەندنگاندن بۆ ئەو كەناڵانە بكەین كە ئەو درامایانە پەخش دەكەن.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكراوەكان ئاماژەی بەوەش كرد: ئێستا هاتووینەتە سەر كاردانەوە، چونكە ئەو كەناڵانەی پابەند نەبوون بە ڕێنمایەكانی ئێمەوە و بەردەوام بوون لە پەخشكردنی زنجیرە فیلم (دراما) بێ ئامانج و ئەنجامەكان، بۆیە ئێمە لێپێچینەوە دەكەین و ڕێنماییەكانی خۆمان جێبەجێ دەكەین و بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەو لیژنەیەی كە لەماوەیەكی نزیك دروست دەبێت بڕیار لەسەر ئەو شێوازی لێپێچینەوانە دەدەین

ئێمە لە نزكترین دەرفەتیش كاری بۆ دەكەین و ئەگەر خۆیان كاریان نەكردبێت ئەوا ئێمە لێپێچینەوە دەكەین.

ک.س