وەزارەتی ناوخۆ: ڕێگریکردن لە مەحمود سەنگاوی هیچ بڕیار و ڕاسپاردەی لەپشت نەبووە

 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ڕێگریکردن لە سەردانی مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ شاری هەولێر، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا ڕوونی کردۆتەوە، ئەم ڕووداوە هیچ بڕیارو ڕاسپاردەیەکی لە پشتەوە نەبووە.


لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە زاڵگەیەکی دۆڵی سماقولی ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوویداوە کە هیچ بڕیارو ڕاسپاردەی لە پشت نەبووە.

ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە لێکۆڵینەوەیەکی ورد ئەنجام دەدەن.

ئەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای هەولێرەوە، ڕێگری لە مەحمود سەنگاوی کرا بچێتە ئەو شارە بۆ بەشداربوونی لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی.

لەسەر ئەو ڕێگرییەش، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند: ئەوە کارێکی نایاساییە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسیارە، ئەمە مایەی قبوڵکردن نییە.

ب.ش