وەزارەتی پێشمەرگە داوادەکات بگەڕێنەوە ناوچە دابڕێندراوەکان

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوادەکات، هەنگاوەکانی ڕێککەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق کورتتر و خێراتر بکرێتەوە و بۆشایی ئەمنیی ناوچە دابڕێندراوەکان بەهاوبەشی و وجودی پێشمەرگە و سوپای عیراق، پڕبکرێتەوە.


کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی پێسمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، کە شەوی ١٨ لەسەر ١٩ ی ئەم مانگە، لەئەنجامی پەلامارێکی چەتەکانی داعش بۆ سەر گوندی ”چەخماخە“ ی سەر بە شارۆچکەی دوبز لە ڕۆژئاوای كەركوك،  چوار هاوڵاتی شەهید و سێ هاووڵاتیی تریش بریندار بوون.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"لە ماوەی رابردوودا، چەندین جار هۆشدارییمان داوە لە مەترسی جموجوڵەکانی تیرۆریستان لەوناوچانە و دەرفەتی سەرهەڵدانەوەیان لەئەنجامی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی هەیە، بۆیە ڕایدەگەیەنین، ئەرکی حکومەتی عیراق و سوپای عیراق و هێزەکانی ترە، کە گیان و ماڵی دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە کورد، عەرەب، تورکمان و پێکهاتەکانی تر بپارێزێت و سەلامەتی ئەوان لەئەستۆی ئەو هێزانەدایە کە لەو ناوچانە بوونیان هەیە". 

وەزارەتەکە داواشی کردووە"بۆ ڕێ گرتن لەدووبارە بوونەوەی رووداوی لەوشێوەیە، لەرێگەی دیالۆگی نیشتمانیی و بەرپرسیارانە هەنگاوەکانی رێککەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق کورتتر و خێراتر بکرێتەوە، هاوکات ئەو بۆشایە ئەمنییەی ئەو سنورە پڕبکرێتەوە بەهاوبەشی و وجودی هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراقی فیدڕاڵ".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە:"هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە، ئێستاش دەتوانرێ بە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگه و سوپای عیراق و هێزە ئەمنییەکان، ئاسایش و سەقامگیریی تەواوەتی بۆ ئەو ناوچانە فەراهەم بکرێت".

 

ش.ف