وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: مانگی ئازار، دەبێتە کۆتایی وەرزی یەکەمی خوێندن و کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتوویش، دەبێتە کۆتایی وەرزی دوەمی خوێندن بۆ ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١.
بەپێی نووسراوێك كە ئەمڕۆ دەری كردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئەزموونەكانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێنمایی نوێی لەبارەی تاقیکردنەوەکانی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن بڵاو کردوەتەوە.

بەپێی نووسراوەكەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەزموونەكان: وەرزی یەکەمی خوێندن بۆ قۆناغەکانی یەکەم و دوەمی بنەڕەتی، تا ٢٩ی نیسان بەردەوام دەبێت و لەو ماوەیەدا چوار هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرێت و یەكی پێنج تا یەكی هەشت وەرزی دوەم دەخوێنرێت.
هەر بەپێی ئەو نووسراوەكە بۆ قۆناغەکانی (٣ی بنەڕەتی تا ١١ی ئامادەیی)، ٢٣ی ئەم مانگە تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی یەكەم دەكەن و یەكی چوار كۆتایی دێت و سێی چوار دەست دەكەن بە خوێندنی وەزری دوەم، هەروەها لە ٢٠ی شەش تا ٣٠ی شەش تاقیكردنەوەی كۆتایی وەزری دوەم دەكەن.
تایبەت بە تاقیكردنەوەی نیشتمانیی قۆناغی نۆی بنەڕەتی، بەپێی نووسراوەكەی وەزارەتی پەروەردە: لە ١٦ی مانگی ١١ دەست پێدەكات.
بۆ قۆناغی ١٢ی ئامادەییش وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: ٢٩ی ئەم مانگە دەست بە تاقیكردنەوەی وەزری یەكەم دەكەن و لە ٧ی چوار كۆتایی دێت و لە ١٩ی مانگی شەش دەست بە تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی دوەم دەكەن لە ٢٨ی شەش كۆتایی دێت.
ئـ ت