وەزیری تەندروستی: تووشبوون بە کۆرۆنا کەمبووەتەوە

وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی هەڵەبجەی کرد و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: دڵخۆشین بە كەمبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا، وتیشی بۆ هەر پشکنینێک ١٥٠ هەزار دینار پێویستە.


ئەمڕۆ دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم سەردانی هەڵەبجەی كرد، دوای بەسەرکردنەوەی مەڵبەندی ٢٤ كاتژمێریی كۆرۆنا و نەخۆشخانەی تایبەت بەكۆرۆنا لەشارەکە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەبرد.

د. سامان وتی، زۆرترین بودجەیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە تەرخانكردووە، ئەویش بۆ دابینكردنی ئامێر و پێداویستییە پزیشكیەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤاپرۆسەكە.

وتیشی: كەمبوونەوەی ژمارەی توشبووان لە ڕۆژێكەوە بۆ ڕۆژێكی دیكە دەگۆڕێت، دڵخۆشین بەوەی ژمارەی تووشبووان بەرە و كەمبوونەوە دەڕوات، ئەوەش ئەنجامی پابەندبوونی هاوڵاتیانە بە قەدەغەکانی هاتووچۆوە.

وەزیری تەندروستی ڕاشیگەیاند، ئێستا لە ئاستی كۆنترۆڵكردن نەخوشییەكەداین، ئەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانەكاندان باری تەندروستیان تەواو جێگیرە و كێشەیان نییە.

ئاماژەی بەوەشكرد، خەرجی نەخۆشییەکە زۆرەو بۆ هەر پشکنینێک ١٥٠ هەزار دیناری تێدەچێت.

سەبارەت بەقەدەغەكردنی هاتووچۆش وەزیری تەندروستی وت، لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ دەدات و هەڵسەنگاندنی ڕەوشەكەش لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە دەگۆڕێت، "ئەگەر پێویست بكات قەدەغەی هاتووچۆ درێژ دەكەینەوە".

س.ح