وەزیری تەندروستی: لەسەرجەم بازگەکان تیمی تەندروستی دادەنێین

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: تائێستا هیچ حاڵەتێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار نەكراوە لەهەرێمی کوردستان، ئەمڕۆش پشكنین بۆ١٤ كەس كراوە، ١١ کەسیان پشكنینیان تەواو بووە خۆشبەختانە هیچ حاڵەتێكی كۆڕنایان نەبووە، ئەوانی تریش لەكاتی دەرچوونی پشكنینەكەیان ڕادەگەینین، وتیشی، کە لە سەرجەم بازگەکان تیمی پزیشکی دادەنێن.


کەمێک پێش ئێستا، دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا لەشاری هەولێر ڕایگەیاند: ئەمڕۆ زۆرترین چالاكی و ڕێكار گیراونەتەبەر بۆ خۆپارێزیی و ڕێگریی كردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەزارو 734 كەس لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە لە ١٥ شوێن لە كەرەنتینن دەكرێن،١٢ شوێنی تایبەت لە نەخۆشخانەكان جیاكراونەتەوە بۆ ئەو کەسانەی گومانی توشبوونیان لێدەکرێت، ١٧٠قەرەوێلەش دابینکراوە بۆ تووشبووان.

وەزیری تەندورستی وتیشی: پشكنینەكان بەهەمان پێوەری وڵاتانی پێشكەوتوو دەكرێت، بۆ پاراستنی هاوڵاتیان دەستكراوە بە دانانی تیمی پزیشكی لە بازگەكان و خاڵەكانی پشكنین، تیمەکانی چاودێری تەندروستی ٥٩ سەردان و بەدواداچوونیان ئەنجامداوە، لەنێوانیان ١١ شوێن بەهۆی پابەند نەبوونیان بە ڕێنمایە تەندروستیەكان بەهۆی گران كردنی نرخ داخراون، پێنج نووسراوی نوێی ڕاسپاردەكان دەرچووە.

وتیشی: ئەمرۆ ژمارەیەكی دیکەی ئامێری پشكنینی تایبەت بە پشكنینی هاووشێوەی وڵاتانی پێشكەوتوو گەشتووە بە دەستمان، هەوڵدەدەین ئامێری و پێویستی زیاتر دابین بكەین بۆ ئەوەی هەركەسێك پێویستی بەپشكنین بوو بۆی ئەنجامبدەین .

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، کە هاوڵاتیان پێویست ناکات بەدوای ئامێری پشکنینی گەرمیدا بگەڕێن، لەبەر ئەوەی لەهەرشوێنێك پێویستبێت وەزارەتی تەندروستی دابینی دەكات و پشكنینی پێدەكات، وتیشی: داوا لە هاوڵاتیان دەكەین لە ڕێگەی هێڵەكانی گەرم  هاوکاریمان بکەن و ئاگادارمان بکەنەوە لەهەر حاڵەتێک، کە گومانیان لێی هەبێت، چونكە دۆزینەوەی هەر حاڵەتێك باشترین ڕێگەیە بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە .

د.ع