سامان بەرزنجى ڕایگەیاند، لەئێستادا نەخۆشی سكچوون و ڕشانەوە بەشێوەیەكی بەرچاو لەناو هاوڵاتیاندا بڵاوبووەتەوە، بەڵام دۆخەکە لەژێر كۆنترۆڵدایە و دڵنیایش دەدەینە هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، کە كۆنترۆڵی نەخۆشیەكە دەكەین.
ئەمڕۆ سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستیى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى پارێزگاى هەڵەبجەى کرد و لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا لەبارەى بڵاوبونەوە و کۆنتڕۆڵکردنى نەخۆشى سکچوون و ڕشانەوە زانیاریى خستەڕوو.
وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان وتى: كۆمەڵێك ڕێكاری تەندروستی گرنگ گیراوەتە بەر بۆ بەرگرییكردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆلێرا و سكچوون، ئەوەش لەپێناو ئەوەى ژمارەى تووشبوان کەمبکرێتەوە یان بەتەواویی كۆنترۆڵبكرێت.
سامان بەرزنجى، وتیشى: نەخۆشیی سكچوون یەكێكە لە نەخۆشییە گوازراوەكان و چەند جۆرێكی هەیە، ئەو جۆرەی سكچوونی توندە ئەوا جۆرەکەى ئاسایی نییە و ئەگەر كەسی توشبوو زوو نەگەیەنرێتە نەخۆشخانە ئەوا مەترسی لەسەر تەندروستی كەسەكە بەتەواوی دروستدەكات و بەهۆیەوە گیانلەدەستدەدات.
وەزیرى تەندروستى هەرێم ڕاشیگەیاند: هۆكاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سكچوون و كۆلێرا بۆ وەرزی گەرما و وشبكوونی سەرچاوەكانی ئاو دەگەڕێتەوە، بەڵام ئاوى سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە ئاوێکى پاک و بێگەردە و هیچ مەترسییەکى لەسەر نیە بۆ بەکارهێنان.
سامان بەرزنجى ئەوەشى خستەڕوو: دۆخەکە لەژێر كۆنترۆڵدایە بەتایبەتی لەشاری سلێمانی، کە بە هەزران نەخۆش داخڵی نەخۆشخانە كراون، بەڵام چارەسەریان بۆ كراوە و دڵنیایش دەدەینە سەرجەم هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، کە كۆنترۆڵی نەخۆشیەكە دەكەین.
ماوەى نزیکەى مانگێکە نەخۆشى سکچوون و ڕشانەوە لە ناو هاوڵاتیاندا بەشێوەیەکى بەرچاو بڵاوبووەتەوە و بەهۆەیەوە ژمارەیەکى زۆر لە دانیشتواننى کوردستان بەوهۆیەوە سەردانى نەخۆشخانەکانیان کردووە.
ئ.م