وەزیری تەندروستی حكومهتی ههرێمی كوردستان ئاشكرایدهكات، تهنها له ئەمساڵدا ٣١٨ هەزار پشكنین بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئایدز كراوە، لەو ژمارەیە ٦٩ كەسیان هەڵگری ڤایرۆسەكەبوون.
یەكی کانونی یەکەمی هەموو ساڵێک، ڕۆژی جیهانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی ئایدزە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەم ڕۆژە پەیامێكە كە بەبیر حكومەتەكانی جیهان بێنێتەوە كێشەیەك هەیە ئەویش نەخۆشی كەمكردنەوەی بەرگری لەشە كە ناسراوە بەئایدز.
وەزیری تەندروستی ڕوونیكردەوە، تائێستا دەرمان و چارەسەری بنبڕكەر بۆ ئەم نەخۆشیە نەگەیشتۆتە قۆناغی كۆتایی، تەنها خۆپارێزی چارەسەرە.
باسی لەوەشكرد، لەهەرێمی كوردستان لەساڵی ٢٠٢١ زیاتر ٣١٨ هەزار پشكنین بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئایدز كراوە، ٦٩ حاڵەتی پۆزەتیڤ كەهەڵگری نەخۆشیەكان دەست نیشان كراوە، كە ٥٨ حاڵەتیان كەسانی بیانی بوون و تەنها ١١ حاڵەت خەڵكی عیراق و هەرێمی كوردستانن، كۆی گشتی ٤٨ حاڵەت ئێستا تۆماركراوە كە خەڵكی عیراق و هەرێمی كوردستانن فایلی تایبەتیان هەیە وچارەسەر وەردەگرن.
وەزیری تەندروستی وتیشی: ترسناكی ڤایرۆسەكەش لەوەیە ڕەنگە هەڵگری ڤایرۆسەكە تا ١٥ ساڵ كەسێكی ئاسایی بێت، بەڵام گواستنەوەی بۆ مرۆڤەكانی تر مەترسیدارە لەڕێگەی خوێن و سێكسی ناشەرعی و چەند ڕێگەیەكی تر دەبێتە هۆكاری گواستنەوە.
ئایدز یا ڤایرۆسی نەهێشتنی سیستەمی بەرگری لەش، بۆ یەكەمجار ساڵی ١٩٨١ لە ئەمریكا دۆزرایەوە، بەگوێرەی دوا ئامارە جیهانییەكان زیاتر لە ٣٥ ملیۆن كەس لەسەرتاسەری دنیا بەدەست ئەم نەخۆشییە ترسناكەوە دەناڵێنن و تا ئێستە دوو ملیۆن و ٢٠٠هەزار كەس بەهۆی ئایدزەوە گیانیان لەدەستداوە
دەركەوتنی نیشانەكانی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاواز دەبێ، هەیە دوای دوو هەفتە و هەشیانە ماوەی ساڵێك و تەنانەت دوای ١٠ ساڵ لە تووشبوون ئینجا نیشانەكانی ئایدز لە مرۆڤەكە دەردەكەوێت.
س.س