وەزیری ناوخۆ: ئەوەی دەبێت ئەرکەکانی جێبەجێ بکات هاوڵاتیانن

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم دەڵێت، کە بۆ بڵاونەبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا لە سێ ڕۆژی جەژندا هاتووچۆ قەدەغە ئەکەن، بە وتەی ئەو"حکومەت ئەرکی خۆی جێبەجێکردووە  و ئەوەی پێویستە ئەرکەکانی جێبەجێ بکات هاوڵاتیانن".


کاتژمێر ٣:٤٠ خولەکی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی لەسەر قەدەغەی هاتووچۆ لە سێ ڕۆژی جەژندا ئەنجامدا.

ڕێبەر ئەحمەد، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە قەدەغەی تەواوەتیی بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٠ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە، دەمانەوێت بەو قەدەغەیە ڕێگا نەدەین زیاتر بڵاوببێتەوە.

وەزیری ناوخۆ، وتیشی: جاران سەرچاوەی ڤایرۆسەکەمان دەزانی و دەمانزانی بەرکەوتەی کێن، بەڵام ئێستا نازانین سەرچاوەی تووشبوون کێن و چۆن تووش بوون؟، نازانین کاریگەریی بەرکەوتوانی پێشوون، یان ئەوانەی لە عێراق و تورکیاوە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، بۆیە پێمانوایە ژمارەیەکی زۆرتر تووشبوو لە هەولێر و سلێمانی هەیە، بەڵام ئێمە هەستمان پێنەکردووە.

دەربارەی کردنەوەی بازاڕەکان، ئەگەر بەو شێوەیە مەترسیدارە، رێبەر ئەحمەد، وتی: لەژێر فشاردا و بە ناچاریی بازاڕەکانمان کردەوە، ئەگەر نا لەگەڵ ئەوەدابووین بۆ ماوەیەکی زۆرتر دابخرێن.

بە وەتەی ڕێبەر ئەحمەد، "حکومەت ئەرکی خۆی جێبەجێکردووە  و ئەوەی پێویستە ئەرکەکانی جێبەجێ بکات هاوڵاتیانن".

باسی لەوەش کرد، لە ڕۆژانی دووەم و سێیەمی جەژن، ئەو کەسانەی دروێنە دەکەن ئاسانکارییان بۆ دەکرێت، گەیاندنی سەوزە و میوە بۆ عەلوەکان و بۆ گەڕەکەکان رێگاپێدراوە، دەرمانخانە و نانەواخانەکان-یش کراوە دەبن، ئێوارەی ئەمڕۆش ڕێنامییەکان بەنووسراو بڵآودەکەینەوە.

ش.ف