وەزیری پێشمەرگە: هێشتا پێویستمان بە هاوکاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ شاندێکی باڵای سه‌ربازیی به‌ریتانی کۆبووەتەوە و ڕایگەیاند، کە هێشتا مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە و پێویستمان بە هاوکاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە.


بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، ئێوارەی ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ شاندێکی باڵای سه‌ربازیی به‌ریتانی به‌ سه‌رۆکایه‌تی ژه‌نه‌ڕال سیر جۆن لۆریمه‌ر، گه‌وره‌ ڕاوێژكاری سه‌ربازیی به‌ریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دەیڤید رەیڵی، فەرماندەو ڕاوێژکاری وەزارەتی  بەرگریی بەریتانیا و کونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر و ڕاوێژکاری سه‌ربازیی کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لەهەرێم کۆبوونەتەوە.

لەکۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە دووپاتی کرده‌ووەتەوە،‌ کە هەماهەنگی و هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سەربازی بەریتانیا جێگەی پێزانینی زۆرەو دەخوازین بازنەی ئەو هەماهەنگیە فراوانتر بێت، هاوکات ئاشکراشی کرد، بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان و ڕێگەگرتن لەگەشەسەندنی تیرۆریستان لەناوچەکە، پێویستییمان به‌ هاوکاری و پشتگیریی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌یه‌.

ژەنەڕاڵ سێر جۆن لۆریمەر، ڕایگەیاند: ڕۆڵی پێشمەرگە لەپاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بەهای خۆی هەیە و هەمووان بەرێزەوە لەو خەباتە دەڕوانن، ووتیشی: بۆ ڕووبەڕوبونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان دووپاتی به‌رده‌وامیی هاوکاریی و هەماهەنگی به‌ریتانیا بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان دەکەینەوە.

د.ع