دووشەممە, 3 سبت 2018 – 20:21 ڕۆژنیوز – سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ، ٧٥ ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە شەقامی سالم-ی شاری سلێمانی، کەمپەینێکیان بەدروشمی “بەڵێ بۆ بەهێزکردنی خوێندنگا حکومییەکان” ڕاگەیاند.
کنێر عەبدوڵا، یەکێک لە ڕێکخەرانی کەمپەینەکە یاداشتی کەمپەینەکەی خوێندەوە و تیایدا داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە کردبوو، کە زیاتر گرنگیی بە کەرتی پەروەردە و خوێندگا حکومییەکان بدەن، چونکە وەک خۆیان دەڵێن: حکومەتی هەرێم لە خوێندگا حکومییەکان زیاتر گرنگی بە خوێندنگا ئەهلییەکان دەدات.
بەگوێرەی ئەو یاداشتە، لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ١٠ هەزار خوێندکار وازیان لە خوێندن هێناوە، تیایدا هاتبوو: ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە و پێویستە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی بدەن.
لە یاداشتی ئەو ڕێکخراوانەدا ئاماژە بەوەشکرابوو، کە ئاستی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی وڵاتانی دراوسێ لەڕووی زانستییەوە زۆر داکشاوە.
ب.ل