١١٦ تەرمی شەڕی ئێران و عێراق ئاڵوگۆڕ کران

لەڕێگای مەرزی مونزەرییەوە تەرمی ١١٦ سەربازی شەڕی ئێران و عێراق لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئاڵوگۆڕ کران.


ئەمڕۆ لە مەرزی مونزەریە لە شارۆچکەی خانەقین-ی سەر بە پارێزگای دیالە، بە مەراسیمێک ئاڵوگۆڕی تەرمی ١١٦بەڕێوەچوو، کە لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران-دا کوژراون.

ئەمەل دەلۆ بەرێوبەری مافی مرۆڤی خانەقین بە ڕۆژ نیوزی وت: لە مەراسیمەکەدا ڕوفاتی ٧٤ سەربازی عێراقی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە ڕادەستی عێراق کرا و لەبەرامبەردا ڕووفاتی ٤٢ سەربازی ئێرانی لەلایەن حکومەتی عێراقە ڕادەستی ئێران کرا.

وتیشی: پاش ڕادەستکردنی ڕووفاتەکان پشکنێنی DNAئەنجام دەدرێت بۆ ڕووفاتەکان و کەس و کاریان، چونکە سەرجەم قوربابییەکان ناسنامەیان نەناسراوە.

شەڕی ئێران و عێراق (ئەیلوولی ١٩٨٠ - ئابی ١٩٨٨) شەڕێکی چەکداری بوو لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق بۆ ماوەی ٨ ساڵ بەردەوام بوو. ئەم شەڕە لە ئێران بە ناوی بەرگری پیرۆز، شەڕی سەپێندراو و شەڕی ھەشت ساڵە (بە فارسی: دفاع مقدس، جنگ تحمیلی، جنگ هشت ساله) و له عێراق به ناوی قادسییەی سەدام و شەڕی یەکەمی کەنداو دەناسرێت و تیایدا دەیان هەزار سەرباز و هاوڵاتی هەردوولا کوژران.

ئەم شەڕە سەرەتا بە ھێرشی ھێزەکانی سەدام (سەرۆکی ڕژێمی بەعس) بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، کە سەدام ویستی بۆ ئەوە ببێتە وڵاتی یەکەمی ناوچە، لە لایەکی دیکەوە ئێران، ئینقلابێکی ئیدێۆلۆژیی کردبوو و دەیویست ئەم شۆڕشە پەرە بداتە سەر وڵاتانی دەوروبەری خۆی بە تایبەت عێراق، کە کەمینەیەکی زۆر گەورە شیعەی ھەبوو.

نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتایی ھێنان بەم شەڕە لە ساڵی ١٩٨٧ دا بڕیارنامەی ژمارە ٥٩٨ی دەرکرد، بەڵام ئەم بڕیارنامەی ھەتا ساڵی ١٩٨٨ نەھاتە کایەوە، لە دوای سوڵح ئێران و عێراق گەڕانەوە بۆ سەر سنوورە پێشووەکانیان کە بە پێی ڕێکەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ دیاری کرا بوو، دواتر هەتا ساڵی ٢٠٠٣ هەموو سەربازە دیلەکانی یەکتریان ئاڵوگۆڕپێکرد.

پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراق، لە ساڵی ٢٠٠٣، لیژنەیەکی ھاوبەش پێکھێنرا لەنێوان عێراق و ئێران بەمەستی ئاڵوگۆرکردنی تەرمی سەربازە کوژراوەکان.

 

ش.ف