١١ ڕێکخراو: ھەڵمەتی دەستبەسەرکردن ڕاگرن

١١ ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دەڵێن: بە توندی ھەموو ئەو دەستگیرکردنانە ئیدانە دەکەین ‌و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەستبەسەرکراوەکان دەکەین.


دەستگیرکردنی ئەندام و لایەنگرانی تەڤگەری ئازادیی و ڕژاک و هاوڵاتیان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە کاردانەوەی لێکەوتوەتەوە، لە نوێترین هەڵوێستیشدا ١١ ڕێکخراو بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لەسەر ئەو دەستگیرکردنانە بڵاوکردەوە.

ئەو ١١ ڕێکخراوە دەڵێن: ماوەیەکە ھەڵمەتێکی فراوانی دەستبەسەرکردنی لایەنگرانی تەڤگەری ئازادیی ‌و کادێرە دیارەکانیان لە پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەموو جۆرە چالاکییەکی ئەوانیان قەدەغەکردوە، وەک گردبوونەوە و خۆپیشاندان ‌و تا کار گەیشتە داخستنی ھۆڵی سینما سالم.

ئەوەش دەڵێن: ڕۆژی ھەینیش لە کاتی بەڕێوەچوونی چالاکییەکی تری مەدەنی دەیان کادیر و لایەنگری تەڤگەر دەستبەسەرکران، ھەندێکیان ئازادکران ‌و ئەوانی دیکە هێشتا دەستبەسەرن.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە: ئەم ڕەفتارانەی ھێزە ئەمنییەکان لە کاتێکدایە، کە تەڤگەری ئازادیی بە پێی یاسا کارپێکراوەکانی عێراق ڕێگە پێدراوە و ئەندامێکیان لەناو پەرلەمانی عێراق ھەیە.

دەشڵێن: ئێمە بە توندی ھەموو ئەو ڕەفتارانە ئیدانە دەکەین ‌و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەستبەسەرکراوەکان دەکەین.

ئەو ١١ ڕێکخراوە بریتین لە: سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ DHRD، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوی دابین بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، ڕێکخراوی ھەڵوێست، ڕێکخراوی ھاریکاری یاسایی ژنان WOLA، ڕێکخراوی ئاران بۆ په‌ره‌پێدانی کەلتوری مه‌ده‌نی، سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان، ئینستتیوتی په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان، ماڵی سەرکەوتن،  ناوەندی نیشتیمانی بۆ مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی کوردستان بۆ ھەمووان.

 

ک.ک