١٤ سەربازی تورک لەلایەن گەریلاکانەوە کوژران

لە راگەیەندراوێک هەپەگە ئەنجامی چەند چالاکییەکی لە باکور و باشوری کوردستان ئاشکراکرد، کە ١٤ سەربازی تورک کوژراون و چەند سەربازێکیش برینداربوون، هەروەها هەواڵی چەند میدیایەک بە درۆخاتەوە و وردەکاری چالاکییەکانیش دەخاتەڕوو.



کەمێک لمەوبەر، ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر چالاکیی گەریلاکان لە چەلێ سەربە جولەمێرگ و سیدەکان-ی باشوری کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکە هاتووە:"لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگیری شەهید باگەر و شەهید ڕۆنیا، هێزەکانمان ١٩ی نیسان کاتژمێر ٢١:١٠ خولەک، لە ناوچەی چەلێ جولەمێرگ، سوپای تورکیان لەسەر گردی شەهید باگەر لە گردی کوردینە کردە ئامانج.

هەروەها هاتووە:"هێزەکانمان لە دوو قۆڵەوە سەنگەرەکانی دوژمنیان کردە ئامانج و دواتر چوونە سەر تەرمی سەربازەکانی دووژمن، زۆرێک لە سەنگەرەکان و سێ دەزگای هاوێشتنی هاوەن بە تەواوەتی ڕووخێندران و ١٢ سەرباز کوژران، کە یەکێکیان فەرماندەی گردەکە بووە، لەو چالاکییەدا ١٠ سەربازی دیکەش برینداربوون، هەروەها لە کاتی چالاکییەکە زۆرێک لە سەربازەکان هەڵهاتن، کە چارەنووسی سێ کەسیان دیار نییە".

هاوکات هێزەکانمان یەکێنەیەکی دوژمنیان لە سەر گردی کوردینە، شەهید زەکی و پەترۆت کردە ئامانج، کە تا ئێستا ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی دوژمن ڕوون نەبووەتەوە.

هەپەگە باسی لەوەشکردووە "بەرەبەیانی دوێنێ کاتژمێر ٠٥:٠٠، سوپای تورک بە فڕۆکە و تۆپ بە سەختی ناوچەکەی بۆردوومان و تۆپباران کرد".

هەپەگە لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست لەلایەن فەرماندەیی گشتی سوپای تورک و میدیاکانی ئاکەپە دەکات و ڕایگەیاندووە:"گەریلاکانی ئازادی کوردستان بە ڕۆحێکی فیداییانە ئەو چالاکییەیان ئەنجام داوە و هیچ زیانێکیان پێی نەگەیشتووە و هەموو هێزەکانمان سەرکەوتووانە گەڕاونەتەوە سەر بارەگاکانی خۆیان، با گەلەکەمان هەواڵی ساختەی میدیاکانی تورک باوەڕ نەکەن".

هەپەگە هەروەها لەسەر چالاکییەکی گەریلاکانی لە سیدەکانی باشوری کوردستان ڕایگەیاندووە:"لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگیری شەهید باگەر و شەهید ڕۆنیا هێزەکانمان دوێنێ کاتژمێر ١٤:٣٠ خولەک، لە سیدەکانی باشوری کوردستان، لەدژی یەکێنەیەکی دوژمن لەسەر گردی لێلکان چالاکییەکیان ئەنجامدا و لە دوو قوڵەوەو حەشارگەی سەربازانی تورکیان کردە ئامانج، لەو چالاکییەدا دوو سەرباژ کوژران، هەروەها دوو چەکی بۆمب هاوێژ، کامێرایەک و ڕادارێک لەناوبران، سوپای تورک دەمەو ئێوارە، بە تۆپ و هاوەن ناوچەکەی بۆردوومانکرد و بە پشتیوانی هێلیکۆپتەرە جەنگییەکان کوژراو بریندارەکانی لە ناوچەکە دوورخستەوە.

هێرشی ئاسمانی لە ئاڤاشین

هەپەگە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە، "فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک دوێنێ ٢٠ی نیسان، کاتژمێر ٠٢:٠٠، مەیدانی باسای لە ناوچەی ئاڤاشین لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا-یان  بۆردوومان کردووە، لەو بۆردوومانە هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشتووە.

س.ح