١٤ ڕۆژنامونووسی کورد مانیان لە خواردن گرتووە

زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی کورد لە زیندانەکانی تورکیا پێشوازی لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی‌ دەکەن، کە ١٤ کەسیان بە شێوەی بێسنوور دژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان مانیان لەخواردن گرتووە.


٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨، یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان بە دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان و جەلادەت بەدرخان لە قاھیرەی پایتەختی میسر چاپکرا، واتا ١٢١ ساڵ لەمەوبەر، هەروەک ئەو ڕۆژانە ئێستا دۆخی ڕۆژنامەگەریی کورد لەژێر فشار و ئاستەنگی و قەدەغەکارییدایە.

چەندین ڕۆژنامەنووس لە نەوەدەکان لە ئەنجامی شەڕی قڕکردنی سیاسی دەوڵەتی تورک لە کوردستان کوژران، ئێستاشی لەگەڵدا بێت و لەژێر دەسەڵاتداری ئاکەپە، رۆژنامەنووسان لە تورکیا ڕووبەڕووی زیندان دەبنەوە و لە ئێستادا بە دەیان ڕۆژنامەنووس لەزیندانەکانی دەوڵەتی تورکن، هەربۆیە تورکیا بە یەکێک لە زیندانەکانی ڕۆژنامەنووسان دەناسرێت.

تەیپ تەمەل ڕۆژنامەنووس و پەرلەمانتاری هەدەپە، لە شاری ئەمەد، گولیستان ئیکە ڕۆژنامەنووس، لە ستراسبورگی فەرەنسا، دونیا کەنعان و سەیدخان ئاکیوز، ڕۆژنامەنووس و بێژەری ڕادیۆ، دژی گۆشەگیری دەستیان داوەتە چالاکیی مانگرتنی بێسنوور.

هەروەها لە زیندانەکانی تورکیاش دژی ئەو گۆشەگیرییەی لەسەر ئۆجالان بەڕێوەدەبرێت، چەندین ڕۆژنامەنووس بە شێوەی بێسنوور دەستیان داوەتە مانگرتن لەخواردن کە بریتین لە: کیبریە ئەڤرەن، ڕەیحان حاجی ئۆغڵو، ئۆزلەم سەیهان، نەدیم تورفەن، زیا ئاتامان، عەبدولقادر تورای، ئوگور ئاکگول، چەتین کورشون، مەحمەت گولەشین و دلبرین تورگوت.

بە گشتی ١٤ ڕۆژنامەنووسی باکوری کوردستان لەدژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، لە چالاکیی مانگرتن لەخواردنی بێسنووردان.

س.ح