شەممە, 18 أغس 2018 – 00:28 ڕۆژنیوز – قەندیل
ئێوارەی دوێنێ، چالاکوانانی چالاکیی قەڵغانی زیندووی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە بناری قەندیل، بەبۆنەی ٣٥مین ساڵیادی هەنگاوی ۱٥ی ئاب ‘١٥ی تەباخ’ی پەکەکەوە، ئاهەنگێک سازکرا.
لە سەرەتای ئاهەنگەکەدا، سیروان ڕاپەرین لەسەر ناوی چالاکوانانی قەڵغانی زیندوو وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ئەمڕۆ گەنجان لە هەرچوار پارچەی وڵات بە ڕۆحی ۱٥ی تەباخ لە چالاکیدان دژی داگیرکەران و دوژمنانی کورد، ئامانجی دوژمنان بە تایبەتی دوڵەتی تورک ئەوەیە کە جارێکتر ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی زیندوو بکەنەوە، دەبێت گەلی کورد ناوماڵی خۆی ڕێکبخات و یەکێتی نەتەوەیی پێکهبێنێت.
سیروان هۆشداریشیدا، کە ئەگەر کورد لە هەلومەرجی ئێستادا ناوماڵی خۆی ڕێکنەخات، ئەوا جارێکیتر تووشی کارەسات و لەناوچوون دەبێتەوە، وتیشی: دەبێت هەرکەسێک لە ئاستی خۆیدا لە دژی داگیرکاری تورکیا بووەستێتەوە، ئەمرۆ باشوری کوردستانە و دواتر پارچەکانی دیکەی کوردستان، بە درێژایی مێژوو دەوڵەتی تورکیای فاشیست جیاوازی لە نێوان هیچ کوردێکدا نەکردووە.
پاشان شیلان شاکر، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان قسەیکرد و وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشە ئاسمانییەکەی سەر شەنگال پێکهات و بەڵێنیدا، کە تۆڵەی شەهید زەکی شەنگالی و هەموو شەهیدان دەکەنەوە، وتیشی: بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ئازادیی گەلی کورد و بەتایبەت بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ عەگید، خەونی تورکیای فاشیست تێکشکا.
شیلان وتیشی: بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ عەگید ئەمرۆ گەلی کورد گەیشتۆتە قۆناغی ئێستا کە قۆناغی کۆنفدرالیزمی دیموکراتییە بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە، وەک چۆن دەبینین لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا سیستمی خۆبەرێوەبەری و پێکەوەژیان هەیە، بۆیە لە ۱٥ی تەباخدا هەموو تێکۆشەرانی ئازادیی بە بیر دەهێنینەوە و بەڵێنی دووپاتکردنەوەی ڕێبازی ئەوان دەدەین.
لە درێژەی ئاهەنگەکەدا، هونەرمەند نەجمەدینی غولامی، گروپی زاگرۆس، کۆما شەهید سەرحەد گۆرانی و بەرهەمی هونەرییان پێشکەشکرد و هەڵپەڕکێی کوردی ئاهەنگەکەی بەجۆشتر کرد.
ئاهەنگەکە بە دروشمی “شەهید نامرن” و “بژی سەرۆک ئاپۆ” کۆتاییهات.
ب.ل