چوؤرشەممە, 29 أغس 2018 – 15:53 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی چالاکیی گەریلاکان لە باکور و باشوری کوردستان بڵاوکردەوە و کوژرانی ١٦ سەربازی سوپای تورکی ئاشکرا کرد.
لە ڕاگەیەندراوی هەپەگەدا هاتووە: ڕۆژی ٢٧ی ئاب کاتژمێر ٠٣:١٠ خولەکی پاشنیوەڕۆ لەسەر گردی مەجلیسی سەربە گەڤەری جولەمێرگ چالاکییەک ئەنجامدرا، ئەو چالاکییە لە دوو قۆڵەوە ئەنجامدرا و تێیدا چەند پێگەی سوپای تورک تێکشکێندرا، لە ئەنجامدا گەریلاکانمان خۆیان گەیاندە سەر گردەکە و لەوێ شەڕ ڕوویدا، لەو شەڕەدا ١٥ سەربازی سوپای تورک کوژران، هەروەها گەریلایەکمان بەناوی موسا ڕۆژدی (بەدری بۆزکورت) شەهیدبوو.
لە بەردەوامیدا هەپەگە ڕایگەیاندووە: دوێنێ کاتژمێر ٠٧:٠٠ی بەیانی لە دەڤەری برادۆستی سیدەکان، لەسەر گردی لێلکان چالاکییەک لەدژی هێزە داگیرکەرەکانی سوپای تورک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا سەربازێک کوژرا و چواری دیکە برینداربوون، پاش ئەو چالاکییە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک ناوچەکەیان بۆردوومان کرد کە لە ئەنجامیاندا ژمارەیەک لە ئاژەڵەکانی هاوڵاتیان تەلەف بوون.
س.ح