٢٣ گەنج لە باشووری کوردستانەوە بەشداری ناو ڕیزەکانی گەریلا بوون، لە پەیامێکیشدا دەڵێن: بۆ پاراستنی کەرامەتی خەڵکی باشوور بڕیارمانداوە بەشداری ڕیزەکانی گەریلا ببین و لە بەرامبەر داگیرکردنی باشوور بوەستینەوە، داواش لە گەنجان دەکەن بەشداریی ڕیزەکانی گەریلابن.
بەبۆنەی ٤٣یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە گروپێک لە گەنجانی باشوری کوردستان خۆیان گەیاندە شاخەکانی کوردستان و بەشداری ناو ڕیزەکانی گەریلا بوون.
گەنجە بەشداربووەکانی باشوری کوردستان لە بارەی بەشداربوونیانەوە لێدوانیکی ڤیدیۆییان ئاراستەی ڕای گشتی کرد کە ئاژانسی نوچە جوان، بڵاویکردووەتە.
لە لێدوانەکەیاندا هاتووە: هەر وەکو دەزانرێت ساڵانێکی درێژە دەوڵەتی داگیرکەری تورک جیاواز لە هەوڵدانی سیاسی و کلتووریی، بەشێوەیەکی ئاشکرا و لەبەرچاوی هەموو دنیا بە تایبەتی هێزە کوردییەکانی باشووری کوردستان، لە هەوڵی داگیرکردنی باشووری کوردستاندایە، لە بەرامبەر ئەم داگیرکەرییە ئاشکرایەدا دوو ڕێ زیاتریان لە بەردەم خەڵکی باشووردا نەهێشتوەتەوە، یان دەبێت ئاوارە و دەربەدەری وڵاتانی ڕۆژئاوابن و وەکو هێزێکی بێسوود و بێ کەڵکبن و لە ئاوارەیدا بمرن، یان ئەوەیە کە وەکو ئێمە لەپێناو گەلەکەیاندا بەشداریی هێزەکانی ئازادیی کوردستان ببن.
ئەو گەنجانە ڕوو لە خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدان، دەشڵێن: لەبەر چاومان ئەو خاک و ئاوەی بە خوێنی شەهیدان ئازاد بووە، ئەم جارە لە لایەن خەیانەتکارانی ناوخۆ بست بە بستی ئەفرۆشن و لە وڵاتانی دەرەوە دەیکەن بە خەرجی منداڵ و خۆشگوزەرانیەکانیان.
هەروەها گەنجان دەڵین: ئەم هێزە بنەماڵەییە دەسەلاتدارە بە درێژایی چەندین ساڵە بوون بە مشەخۆر بەسەر گەلەوە، نەک تەنیا فێری سیاسەت نەبوون، بەپێچەوانەوە قوماریان کردووە بەچارەنووسی گەلی باشووری کوردستان و کەی ویستوویانە مەیدانەکانی شەڕیان بە جێهێشتووە و کەی ویستوویانە سامانەکانی سەر زەوی و ژێر زەویی کوردستانیان پێشکەش بە ئاغاکانیان کردوە، هیچ کات لە گەلیان نەپرسیوە کە چی دەخوازن و چییان دەوێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەرکاتێک گەل لەبەرامبەر بە خیانەت و وڵاتفرۆشیی ئەم دەسەڵاتە دەنگی هەڵبڕیوە و ناڕازی بووە خۆیانیان لە زیندانەکانی پاراستندا بینیوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەی گەنجاندا هاتووە: ئێمە وەکو گەنجان بۆ پاراستنی شەرەف و کەرامەتی خەڵکی باشوور بڕیارمانداوە بەشداری ڕێزەکانی گەریلا ببین و لە بەرامبەر داگیرکردنی باشووری وکوردستان تا دواین دڵۆپی خوێنمان لە بەرامبەر دەوڵەتی کوردکوژی تورکدا بوەستینەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە کە “ئێمە لە قۆناغێکداین کات و ساتێک کە بە سەرماندا تێپەڕدەبێت زۆر هەستیارە، ڕەنگە ئەگەر هەڵوێستی جدیمان نەبێت لە ئایندەیەکی نزیکدا شتێک بە ناوی باشووری کوردستان نەمێنێت، لێرەوە ئێمە ڕایدەگەیەنین بێ دەنگ بوون و دەستەوسان بوون لە بەرامبەر ئەم قۆناغە ئەکەوێتە خزمەتی داگیرکەران و هێزە خۆفرۆشەکانی ناوخۆوە”.
لەکۆتایی لێدوانەکەشیاندا گەنجان دەڵێن: “ئێمە بە بڕیادارییەوە پەیمانی خۆمان دووبارە ئەکەینەوە لەگەڵ شەهیدانی کوردستان، هەروەها ئاواتە خوازین کە دەنگی ئێمە بگاتە هەموو گەنجانی کوردستان و گەنجان بە رۆح و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی میژووی خۆیان هەڵبستن و پۆل پۆل بەشداری ناو ڕیزەکانی گەریلای ئازادیی کوردستان ببن، سەرجەم پیلان و نەخشەی داگیرکەران و خیانەتکاران پوچەڵ بکەنەوە دەست لە ناو دەست و بە هێزێکی پۆڵاین بەرەو ژیانێکی ئازاد هەنگاو دەنێین، ئەگەر ژیانێک هەبێت با بەئازادی و بۆ ئازادی بێت، ئەگەر مردنێکیش هەبێت با هەر بەئازادی و بۆ ئازادی بێت”.
ک.س