٢٥ ئەندامی نوێ بەشداری ڕیزەکانی ئاسایشی ئێزیدخان بوون

خولی پەروەردەی شەهید هێلین لەئەکادیمیای شەهید سەلما کۆتایی هات و تێیدا بەمەراسیمێکی سەربازی ٢٥ ئەندامی نوێ بەشداری ڕیزەکانی ئاسایشی ئێزیدخان بوون.


لەکۆمەڵگای دۆهلە-ی سەر بەشەنگال، خولی پەروەردەی شەهید هێلین لە ئەکادیمیای شەهید سەلما کۆتایی هات و تێیدا ٢٥ ئەندامی نوێ بە مەراسیمێکی سەربازی بەشداری ڕیزەکانی ئاسایشی ئێزیدخان بوون، ئەو ئەندامە نوێیانەش خەڵکی گوندو شارۆچکەکانی شەنگالن.

خولەکە ماوەی مانگێک بەردەوام بوو، لەنێو ئەو مانگەشدا بەشداربووان، پەروەردەی دیسپلینی سەربازی، مێژووی ئێزیدخان، مێژووی کوردستان و پەروەردەی کردارییان بینیوە.

شێرزاد شەمۆ لەسەر ناوی فەرماندەیی ئاسایشی ئێزیدخان قسەیکردو وتی:"ئێمە بەگەنجی وەکو ئێوە سەربڵندین، ئەگەر لەکاتی فەرمانی ٢٠١٤دا هێزێکی وامان هەبوایە، ئەوا هیچ کات بارودۆخێکی وەها ڕووینەدەدا".

شێرزاد شەمۆ باسی لەمەترسییەکانی ئێستای شەنگال کردو وتیشی:" پێویستە نەڵێن مەترسیەکان کۆتایی هاتووە، چەندین کەس و حزب هەن کە دەیانەوێت ژیانی کۆمەڵگا بڕوخێنن، بەڵام لەسایەی ئاسایشی ئێزیدخان و گەنجانی ئێمە ئێستا خەڵکی ئێمە ئاسوودەن".

پاشان ٢٥ئەندامی نوێی ئاسایشی ئێزیدخان لەبەردەم خەڵک و ڕێکخستنەکانی شەنگال، سوێندیان خوارد.

مەراسیمەکە بە دروشمی"بژی بەرخۆدانی شەنگال، بژی ئاسایشی ئێزیدخان، بژی سەرۆک ئاپۆ، بێ سەرۆک ژیان نابێ" کۆتایی هات.


ب.ش