٢٧مین گروپى هەدەپە لە باشور دەستیان بە مانگرتن كرد

٢٧مین گروپى مانگرتنى نوێنەرایەتى هەدەپە، لە باشورى کوردستان دەستیان بە مانگرتن کرد، و دوپاتیدەكەنەوە کە بەردەوام دەبن لە مانگرتن هەتا ئەو كاتەی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتى کرێکارانى کوردستان- پەكەكە بەردەوامبێت.


ماوەى ٥٣ ڕۆژە، ئەندامانی نوێنەرایەتیی پارتی دیموكراتی گەلان-هەدەپە لە باشوری كوردستان، دەستیان بە مانگرتنی خولی كردووە، دژی بەردەوامیی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان و پشتگیری لە مانگرتنی لەیلا گوڤەن هاوسەرۆكی كەجەدە لە زیندانیی ئامەد.

عابد ئیكە، هاوسەرۆكی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری كوردستان بە ڕۆژنیوزى وت: گروپەكانی ئێمە گەیشتوونەتە قۆناغی شەهادەت، بۆیە پێویستە بە هەموو لایەک كار بۆ ئەوە بكرێت، كە ڕەوشی زیندانیان لە گرتوخانەكانی توركیا باشتر بكرێت و دەستگیكردنی ئەنداماكانیشیان كۆتایی پێبهێندرێت.

هاوسەرۆكی نوێنەرایەتی هەدەپە باسی لەوەش كرد، كە پیۆیستە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسیەكانی باشوری كوردستان لەبەرامبەر دەستگیركردنی ئەندام و لایەنگرەكانی هەدەپە لە باشوری كوردستان هەلوێستیان هەبێت.

لەبارەی دەستگیركردنی ژمارەیەك چالاكوانی مەدەنی شاری سلێمانیشەوە لەلایەن ئاسایشی سلێمانی-یەوە، عابد ئیكە وتى: جێگای شەرمەزرایە بۆ یەكێتی ئەو كارەی ئەنجامداوە، دەبوو ئێستا هاو شێوەی باكور حزبەكان بۆ یەكریزی نێوماڵی كورد و یەكێتی نەتەوەی یەكیان گرتبا نەك بە قسەی وڵاتان ڕۆژانە كاری نایاسی ئەنجام بدەن.

جێگای باسە بەو گروپەی، كە ئەمڕۆ دەستیان مانگرتنكرد، تا ئێستا ٣٠٠ ئەندامی نوێنەرایەتیی هەدەپە لە باشوری كوردستان و چالاكوانان لە چوارچێوەی ٢٧ گروپ بەشداریی مانگرتنەكەیان كردووە، یەکیک لە ئەندامانى هەدەپە، بەناوى ناسر یاگز ماوەى ٥٣ ڕۆژە بەردەوامە لە مانگرتن و لە ئێستادا دۆخى تەندروستى ناجێگیرە.

د.ع