٢٨ کەس بەبێ دادگاییکردن لە زیندانەکانی هەولێر و دهۆک'دان

لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ـدا، ٢٨ کەس بە بیانوی جیاواز دەستگیرکران و تا ئێستا بێ ئەوەی بدرێنە دادگا لە زیندانەکان ڕادەگیرێن.


لە کاتێکدا لەناو کۆمەڵگای کوردیدا، یەکێتی و یەکڕیزی کەوتووەتە ڕۆژەڤەوە، لە هەولێر و دهۆک بەهۆی بیروڕای جیاوازەوە دەستگیر دەکرێن، بە تایبەت دوای سەرهەڵدانەکەی شیلادزێ لەدژی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک لە ساڵی ٢٠١٨ـدا، هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە لێپرسینەوەیان لێدەکرێت و زۆر کەسیش دەستگیر دەکرێن.

بەپێی زانیاری هاوڵاتیان، زۆربەی ئەو کەسانەی زیندانیی دەکرێن، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بیری خۆیان دەخەنە ڕوو یان ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن، لەلایەکی دیکەشەوە هەڕەشە لە چەندین کەسی دیکە دەکرێت و هێزەکانی ئاسایش هەندێک بەڵگەیان پێی واژۆ دەکەن.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەکان کە بە ڕۆژنیوزیان ڕاگەیاندووە، بیانوەکان لەسەر زۆربەی ئەو کەسانەی دەستگیر کراون بنەمایەکی یاساییان نییە، بۆیە ماوەیەکی درێژ ڕادەگیرێن و نادرێنە دادگا.

بەپێی زانیارییەکان تەنیا لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ـدا لە ناوچەی بادینان و سۆرانی سەربە هەولێر و دهۆک، ٢٨ هاوڵاتی کە لە ناویان پێشمەرگە و ئەندامی پارتەکانیش هەن دەستگیرکراون و دەوترێت لە زیندانەکانی دهۆک و هەولێر (مەسیف) ڕادەگیرێن.

یەکێک لەو کەسانەی ماوەیەکی زۆرە دەستگیرکراوە، ئیدریس سەلیم محەمەد ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانە، کە ٨ی مانگی ٥ی ٢٠١٩، لە هەولێر و لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە و تا ئێستاش ئازاد نەکراوە، بۆ ئازادیی ئیدریس سەلیم تائێستا زۆر کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات چالاکییان ئەنجامداوە، لەسەر ئەو بابەتەش نامە پێشکەشی ئەمنستی ئیترناشنال کراوە.

گەنجێک بەناوی ئەیوب خەلیل کە خەڵکی کەرکوکە و لەدژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە برادۆست بەشداری چالاکییەکانی قەڵغانی زیندوو ببوو، لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵەوە، ڕۆژی ٨ی مانگی ٧ی ٢٠١٩ لە سیدەکان لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە و دوو ڕۆژ دواتر براوەتە زیندانی مەسیف لە هەولێر، هەندێک لە ڕاگەیاندنەکان باسیان لەوە کردووە کە لە کاتی دەستگیرکردنیدا ئەشکەنجە دراوە، ئەیوب تا ئێستا لە زیندانی مەسیف ڕاگیراوە.

سێ گەنجی برادۆستی بە هۆکارێکی نادیار دەستگیر کراون، بەڵام دەوترێت کە ئەو سێ گەنجە لەسەر داوای دەوڵەتی تورک دەستگیرکراون و ماوەی پێنج مانگە لە زیندانی مەسیف ڕاگیراون، خالس ڕەشید شێخۆ تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی گوندی لێتانی برادۆست، ڕەشید ئیسماعیل عەزیز خەڵکی گوندی تارەجار، ئلیاس یاسین حسێن خەڵکی گوندی دەرهۆلی برادۆسی ناوی ئەو سێ گەنجەیە.

فشارەکان لە بادینان و شەپۆلی دەستگیرکردنەکان

لە کاتی سەرهەڵدانەکەی شیلادزێ'وە کە دژی بارەگاکانی سوپای داگیرکەری تورک و هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر ناوچەکە بەڕێوەچوو، تا ئێستا لەو ناوچەیەدا فشارێکی زۆر دەخرێتە سەر هاوڵاتیان و تەنانەت بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەت لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیردەکرێن.

بەپێی سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە زیندانەکاندا فشار دەخرێتە سەر هاوڵاتیان کە دەست لە بۆچوونی خۆیان هەڵگرن و دژی دەسەڵات و هەبوونی تورکیا نەوەستنەوە، هەروەها سەرچاوەیەکی دیکەش ئاشکرایکردووە کە دەوڵەتی تورک و هەواڵگری فشار دەخەنە سەر هاوڵاتیان تا سیخوڕییان بۆ بکەن.

ناوی ئەو کەسانەی لە هەولێر و دهۆک دەستگیرکراون بەم شێوەیە:

١- نەوزاد ئەحمەد ئۆرەماری

٢- سەلاح حسێن ڕێکانی

٣- دڵشاد قادر زێباری- پێشمەرگە

٤- شیمال سالح ئۆرەماری

٥- ڕۆژهات ئقبال ڕیکانی

٦- جیهاد ڕژدی ڕیکانی

٧- شەوکەت برقی ئۆرەماری

٨- پەروەر زێبار ئۆرەماری

٩- میعاد ئەحمەد ئۆرەماری

١٠- ئەزوەر ئەنوەر ئۆرەماری

١١- نەشوان عەبدولواحد ڕێکانی

١٢- فیلار عەلی ئۆرەماری

١٣- کاوە حسێن ئۆرەماری

١٤- جەمال تەحسین دۆسکی

١٥- کاروان محەمەد یەحیا ڕێکانی

١٦- نەوزاد مستەفا دۆسکی

١٧- قەهرەمان شوکری زەینەدین ڕیکانی

١٨- سوحەیب محەمەد ڕێکانی

١٩- ڕێدار جانگیر ڕەزگەیی ڕێکانی

٢٠- حازم شاباز بادین بیاری ڕێکانی

٢١- محەمەد محەمەد شەرەف بیاری ڕێکانی

٢٢- کارکەر عەبدی سیتەیی ڕێکانی

٢٣- ئاسف زێباری

٢٤- ئەیوب خەلیل

٢٥- ئیدریس سەلیم

٢٦- خالس ڕەشید شێخۆ تەمەن ١٧ ساڵ

٢٧- ڕەشید ئیسماعیل عەزیز

٢٨-ئلیاس یاسین حسێن.

س.ح