٢ ژن کە دەوترێت 'خۆیان سووتاندووە' گیانیان لەدەستدا

بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە، وێڕای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٣ ساڵ گیانی لەدەستدا، ئەمەش دووەم حاڵەتە لە دوو ڕۆژدا و دەوترێت هەردووکیان 'خۆیان سووتاندووە'.


ئەمڕۆ لە گوندی مەمکانی سەر بە شارەدێی سەنگەسەر لە ئیدارەی ڕاپەڕین، ژنێکی تەمەن ۲۳ ساڵان بە ناوی (ئ.ح) سووتا و بەهۆی ڕێژەی زۆری سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا، ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ'ژنێکی دیکەی گەنج هەر لە سنووری ڕاپەڕین بە سووتان گیانی لەدەستدا.

بە وتەی هاوڵاتیانی گوندەکە، ئەو ژنە گوایە "خۆی خۆی سووتاندووە"، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی قەڵادزێ بۆ چارەسەریی سەرەتایی و دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی سلێمانی کراوە، بەڵام بەهۆی ڕێژەی زۆری سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوو ڕۆژ ئێستا، بەرزی یاسین حەمەد'ی تەمەن ٢١ ساڵ و دانیشتووی چوارقورنە کە دایکی منداڵێک بوو، بە وتەی خزمانی ئەو ژنە، "بەرزی دووگیان بووە و کێشەی لە گەڵ هاوسەرەکەی هەبووە، ۱٦ی ئەم مانگە لە شارەدێی چوارقوورنە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و دوای ڕۆژێک لە مانەوە لە نەخۆشانەی سلێمانی دوێنێ گیانی لە دەستدا".

س.ح