٣٤ حزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان داوا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی و ڕووسیا دەکەن، ئاسمانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دابخەن، بۆ ڕێگرییکردن لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک.
ئەمڕۆ ٣٤ حزب و لایەنی سیاسیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە ناوەندی لێکۆڵینەوە و ڕاوێژی دیپلۆماسیی قامیشلۆ یاداشتێکی ئاراستەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی و ڕووسیا کرد.
ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن تەلال محەمەد، سەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسیی کوردستان خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: جموجوڵە دوژمنکارەکانی دەوڵەتی تورک دژ بە گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە و ڕۆژانە بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچەکان دەکات و خەڵکی مەدەنیی دەکاتە ئامانج.
ئەوەش هاتووە: پارت و لایەنەکان نەبوونی هەڵوێستی تووندی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر ئەو کردەوانەی دەوڵەتی تورک، کە پێشێلی یاسای نێودەوڵەتیی دەکات، وەک هۆکاری بەردەوامییدان بە هێرشەکان و بەرفراوانکردنی ناوچە داگیرکراوەکان تەماشا دەکات.
ئەو لایەنانە داواشیان لە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی و ڕووسیا کرد، کە ڕێوشوێنی تووند بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بگرنە بەر و ئاسمانی ناوچەکە بەڕووی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکدا دابخەن.
ب.ل