ڕۆژنیوز-ڕواندز
٣٥ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینى هاوڵاتیانى سنوورى ڕەواندز دژى ڕژێمى بەعس تێدەپەڕێت و هاوڵاتییانى سنوورەکەش لەوبارەوە دەڵێن: ئەوەی تێكۆشانمان لەپێناویدا كرد نەهاتەدی و لەئێستاشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان قوربانییانی و بەشداربووانى ئەو پرۆسەى لە مافە سەرەتاییەكانی ژیان بێبەش كردووە.
ڕۆژی ١٩ی ئایاری ساڵی ١٩٨٧ هاوڵاتیان و بەشێک لە هێزەکانى پێشمەرگەى شارۆچکەى ڕواندز لە سنورى پارێزگاى هەولێر لەدژی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕین و بەهۆیەوە توانرا ناوچەکە لە سەربازانى بەعس پاكبکرێتەوە، لە ئەنجامیشدا ١٩ شەهید و ٣١ برینداری لێكەوتەوە و بەهۆى بەشداربونیشیان لە پڕۆسەکەدا فەرمانی لە سێدارەدان بۆ ٢٢ كەسی دیکە دەرچوو.
لەوبارەوە، فەتاح خالید، کە یەکێکە لە پێشمەرگە دێرینەکان و بەشداری لە ڕاپەڕینەكەی ڕەواندزدا كردووە و یەكێكیش بووە لەوكەسانەی، كە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە بە ڕۆژنیوزى وت: بەعس لە هێرشێكی سەر دۆڵاكۆ شكستی هێناو پاشەكشەی كرد، لە بەرامبەر ئەو شكستەدا بەعس ویستی خانووی چەند هاوڵاتییەكی ڕەواندز بڕوخێنێت، بەڵام هاوڵاتیانی ڕواندز بەهەماهەنگیی و هاوكاریی هێزەکانى پێشمەرگە و ڕێكخستنە نهێنییەكانی یەکێتی ڕاپەڕینیان ئەنجامدا و سەرجەم دامودەزگاكانی بەعسیان لە شارەكەدا وەدەرنا.

ئەو پێشمەرگە دێرینە ڕاشیگەیاند: لەئێستاشدا هاوڵاتیانى ڕواندز بەگشتی و بەتایبەت دانیشتوانی گوندەكانی دۆڵی ئاكۆیان گرفتارن بەدەست حوكمڕانیی حكومەتی كوردیی، چونکە هێشتا دۆڵی ئاكۆیان ئاوی خواردنەوەی نییە و ئەو هاوڵاتییانەشی لەدژی بەعس قوربانیی زۆریاندا، كەمترین خزمەتگوزارییان بۆ دابینكراوە، واى لێهاتووە ئێستا پەشیمانن لەو قوربانییەى بەخشیویانە.
ئاراس سەید خالید، کە كادری یەنەكەیە لە ٣٥مین ساڵیادى ڕاپەڕینى ناوچەکەیان وتى: ڕوواندز لە مێژوودا چەندین قوربانیی گەورەی داوە، بەڵام هیچ كاتێك حكومڕانانی ئەو شارە وەفا و دڵسۆزییان نەبووە بۆ خەڵكەكەی، لە ئێستاشدا لە پاش تێپەڕبوونى ٣٥ ساڵ لەو ڕاپەڕینە، هێشتا برینەكانی ئەوكاتە تیمار نەكراون و ئەوانەی لەو ڕاپەڕینەدا بوونە قوربانیی، مافی خۆیان وەرنەگرتووە و لە هەموو مافێك بێبەشكراون.

ئەو کادیرەى یەنەکە ئاماژەى بەوەشکرد: ١٩ ى مانگى ٥ بە ڕۆژی ڕواندز ناونراوە، چونكە لەو ڕۆژەدا هاوڵاتییان ڕژانە سەر شەقامەکان و ڕژێمی بەعسیان لەشارەكەدا وەدەرنا، چونکە ئەوکات هاوڵاتیان تینووی ئازادیی و سەربەخۆیی بوون، بەڵام بەداخەوە نەگەیشتن بەو ئامانج و خەونەی بۆی تێكۆشان.
جێگەى ئاماژەیە، لەپاش تێپەڕینى ٣٥ ساڵ بەسەر ئەنجامدانى ڕاپەڕینى هاوڵاتییانى ڕەواندز دژى بەعس، حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە زیاتر لە ١٠٠ پارچە زەوی بەسەر قوربانیان و كەسوكاری شەهیدانی ئەو ڕاپەڕینەدا دابەش بكات، بەڵام تاكو ئێستا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكراوە و ئەو هاوڵاتیانەش دەڵێن: حكومەت ئەو بەڵێنەی خۆى نەبردووەتە سەر و ئەوەش هێندەی دیکە ئێمەى کەسوکار و بەشداربوانى ڕاپەڕین نیگەران كردووە.
ئ.م