٤ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا تۆمار کرا

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، چوار کەس لە شارۆچکەی چەمچەماڵ تووشی کۆرۆنا بوون، کە بەرکەوتەی تووشبووانی پێشوون.


کەمێک لەمەوبەر، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تووشبوونی چوار کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارچکەی چەمچەماڵ'ی سەربە پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەنداوەکەدا هاتووە:"لە بەردەوامیی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، چوار تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 دەستنیشانکران، کە سێ پیاو و ئافرەتێک'ن لە شارۆچکەی چەمچەماڵ و بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون".

بەپێی ڕاگەیەندراوی ژمارە ٤٥ی وەزارەتی تەندروستی کە ئەم ئێوارەیە بڵاوی کردەوە، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان گەشتە ٣١١ تووشبوو، لە نێویاندا سێ مردن هەیە و ١٢٥ نەخۆش چاکبوونەتەوە، دوای بەیاننامەکە، ئەمشەو تەندروستی هەولێر چاکبوونەوەی نەخۆشێکی دیکەی ڕاگەیاند، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی چاکبوونەتەوە گەیشتە ١٢٦ کەس و تووشبووانیش گەیشتە ٣١٥ نەخۆش.

س.ح