٤ نمرە بۆ خوێندکارانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی دەگەڕێتەوە

خوێندکارانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە وانەی زیندەزانیدا، بەهۆی هەبوونی زیاتر لە وەڵامێکی ڕاست لە دوو پرسیاردا، چوار نمرەیان بۆ دەگەڕێتەوە.


کەمێک پێش ئێستا، لیژنەی باڵای ئەزموونە گشتییەکان لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان لەسەر تاقیکردنەوەی وانەی زیندەزانی پۆلی ١٢ بڵاوکردەوە.

لە تاقیکردنەوەی وانەی زیندەزانیدا دوو پرسیار دوو وەڵامی بۆ دەبوو، بۆیە وەزارەت بڕیاریدا کە هەر خوێندکارێک یەکێک لەو وەڵامانەی دانابێت ئەوا بە ڕاست بۆی هەژماربکرێت و نمرەی تەواوی پێبدات، بەمەش بێت ئەوا ٤ نمرە بۆ خوێندکاران دەگەڕێتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لیژنەی باڵای ئەزموونە گشتییەکان، پاش تاووتوێکردنی وەڵامی ئەزموونی زیندەزانی لەگەڵ لیژنە لقییەکانی ئەزموونەکان و چەندین پسپۆڕ، بڕیاری لەسەر دوو وەڵامی تاقیکردنەوەی زیندەزانی پۆلی ۱۲ی ئامادەیی/بەشی زانستی  بەم شێوەیە دا.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە لە ماوەکانی ڕابردوودا خوێندکاران و بەشێک لە مامۆستایان و پسۆپڕانی زیندەزانی دەیانوت هەڵە لە پرسیارەکاندا هەیە، بەڵام وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕەتیکردەوە هەڵەی تێدا هەبێت.

س.ح