٥٤ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون هەیە هێشتا ٣٥ هەزار کرێنشین ماوە

نزیکەیی ٥٤ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی هەیە بە کەرتی تایبەت و کەرتی گشتییەوە، بەڵام هێشتا ٣٥ هەزار کرێنشین لەسلێمانی بوونی هەیە، هاوڵاتیانیش پێیان وایە پلانەکانی حکومەت لەوبوارەدا خزمەتی بە خەڵکانی کەمدەرامەت نەکردووە.


زیاتر لە ١٠ ساڵ دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕێگای دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوونەوە هەوڵێ چارەسەرکردنی کرێنشینی دەدات، بەڵام هەتا ئێستا هەوڵەکانی حکومەت لەو بوارەدا نەبووەتە هۆی ئەوەی کرێنشینان ببنە خاوەنی جێگەی نیشتەجێبوون.

بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان لە شاری سلێمانی زیاتر ٣٥ هەزار کرێنشین بوونی هەیە، ئەمە جگە لەوەی هەزاران کەس هەن ناوی خۆیان تۆمار نەکردووە لەو کۆمەڵەیەدا.

پێچەوانەی ئەمە لە ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی، لە ساڵی ٢٠١١ تا ساڵی ٢٠١٩ پێنج هەزار و نۆ سەد و چوار یەکەی نیشتەجێبوون لەلایەن حکومەتەوە چووەتە بواری جێبەجێکردن  لە شاری سلێمانی، بەڵام تەنیا هەزار و  ٨٦ یەکە تەواوبووە، ٧٨٠ یەکە خەڵکی تێدا دەژی.

هاوکات بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەستەی وەبەرهێنانی سلێمانی، ٧٢ پڕۆژەی نیشتەجێبوونی کەرتی تایبەت لە سلێمانی بوونیان هەیە، کە لە ٤٨ هەزار یەکە پێکهاتووە، جگە لەوەی لە ئێستادا ١٧ پڕۆژە هەیە بەبێ مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەستەی وەبەرهێنان خەریکی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونن.

کاروان جەوهەر، یەکێکە لە کرێنشینانی شاری سلێمانی کە ماوەی ١٠ ساڵە لە خانووی کرێدا دەژی، دەبارەی چارەسەرنەبوونی کێشەکانی کرێنشین پێی وایە کە ئەو یەکانەی کە دروستدەکرێن لە ژێر ناوی کرێنشین هیچ سودێکی نییە و دروستکردنی ئەم یەکانەش تەنیا سودمەندبوون و بازرگانی کردنە بە ناوی کرێنشینەوە، چونکە داوای پارەیەکی زۆردەکەن، هەروەها داوا لە حکومەت دەکات، کە " چاوێک بە کاری ئەو کۆمپانیایانەدا بخشێنێتەوە کە ئەو یەکانە دروست دەکەن، دەڵێت: ڕاستە حکومەت بڕیارەکەی دەرکردووە، بەڵام ئایا بڕیارەکە لە جێی خۆیدا و بە ڕێکی جێبەجێدەکرێت، کێن ئەو کەسانەی کە کۆمپانیاکان بەڕێوەدەبەن و کارەکان دەکەن بە ناوی کرێنشینانەوە؟".

 عوسمان قەرەداغی، سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە سەردانی بەشێک لە کۆمپانیا و کەرتە تایبەتەکانیان کردووە، تا ئەو یەکە چۆڵانەی کە هەیانە بە قیستێکی درێژخایەن بیدەن بە کرێنشینەکان بەڵام ئامادەنەبوون، دەڵێت: "خەڵکی کەم دەرامەت و هەژار توانای ئەوەیان نییە کە یەکەیەک بەدەستبێنن لە کەرتە تایبەتەکان ".

عوسمان قەرەداغی، بەناوی کۆمەڵەکەوە داوا لە حکومەت دەکات کار بەیاسای ژمارە حەوت و ١٦ی ساڵی ٢٠٠٨بکاتەوە، جارێکی دیکە بکرێتەوە بواری جێبەجێکردنەوە کە لە سودی کرێنشینانە.

بە پێی یاسای ژمارە حەوت و ١٦ی ساڵی ٢٠٠٨، دەبێت ساڵانە پێنج هەزار یەکەی  نیشتەجێبوون لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون دروستبکرێت لە هەرێمی کوردستان، کە ٥٠% بۆ فەرمانبەران بێت، ٥٠% بۆ کەمدەرامەت و کرێنشینان بێت، بەگوێرەی ئەو ڕێژەیەش پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجە و گەرمیان و ڕانیەوە ٤٣% بەر دەکەوت، کە دەکاتە دوو هەزار و١٤٨ یەکە.

پێشڕەو کەمال، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی، سەبارەت بە چارەسەکردنی کێشەی کرێنشینەکان، وتی: "بە بڕوای من ئەم سیستمە نەیتوانیوە ئەو کارە بکات لەبەر ئەوەی بە پەرتەوازەیی ئەم ئیشە لە حکومەتەوە کراوە، حکومەت لە ڕێی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە بەڕێگایەک ئیشی کردوە، بەڕێوەبەرایەتی دەستەی وەبەرهێنان بە شێوازێک ئیشی کردووە، کەرتی تایبەت بەشێوازێکی دیکە کاری کردووە".

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کرد بەهۆی کەمدەرامەتی خەڵکەوە ئەو یەکانە لە ئاستی داهاتی خەڵکدا نییە، هەر بۆیەش ئەوە یەکانە نەیانتوانیوە ببنە فاکتەرێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کرێنشین، پێشڕەو کەمال باسی لەوەشکرد، حکومەت لە ساڵی ٢٠٢٠ لە پلانیدایە ئەو یەکانە بە پلەی گرنگیان تەواو بکات، بە پێی ئەو پۆلێنەی کە دانراوە.

د.ع