٥٨ سندووقی دەنگدان لە سلێمانی ڕەتکراوەتەوە

ژماردنەوەی دەنگەکان بەدەست لە سلێمانی کۆتاییهات و ٥٨ سندووق ڕەتکراوەتەوە، سەرچاوەیەکیش ئاشکرایدەکات: گۆڕانکاریی زۆر لە دەنگەکاندا هەبووە.


ئێوارەی دوێنێ، ژماردنەوەی دەنگەکان بەدەست لە سلێمانی لە هۆڵی ئاشتی کۆتاییهات و لە کۆی ١٨٨ سندووق، کە سکاڵایان لەسەربووە، ١١٨ سندووقیان ژمێردراونەتەوە و ٥٨ سندووقیان ڕەتکراوەتەوە و ١٢ سندووقیش براوە بۆ بەغدا.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە ڕۆژنیوز لە سەرچاوەیەک لە چاودێرانی ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان وەریگرتووە، ١٨٨ سندوق بڕیاری ژماردنەوەی دەستییان بۆ درا، لەو ژمارەیەش ٥٨ سندووقیان قردیلەی سووری لێدرا و ڕەتکرایەوە کە بژمێردرێتەوە، بەهۆی ئەوەی موادەكانی ناوی وەک ژمارەی قوفڵ و ڕاپۆرت تەواونەبووە، بەهۆی ئەوەی قوفڵەکان شکێندرابوو.

ئەو سەرچاوەیە، ئەوەشی خستەڕوو: ١٢ سندووقیان بۆ پشكینن پێشتر لەسەر داواکاریی کۆمسیۆن برابوون بۆ بەغدا.

هەر بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە:"١١٨ سندووق جیاكراوەتەوە و جیاوازی زۆر هەبووە لە ژماردنەوەی دەستیی لەگەڵ ئامێرە ئەلیکترۆنییەکە".

هەرچەندە ئەو سندووقانە لەلایەن دادوەرەکانەوە ڕەتکراوەتەوە، بەڵام کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دوایین بڕیار لەبارەی چارەنووسیانەوە دەدات.

ئەمە لەکاتێکدایە، ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە، پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست لە شاری کەرکوک دەستیپێکرد و لە کۆی ٥٢٢ سندوق، کە ژماردنەوەی بۆ کرا، ٦٤ سندوق بەتەواوی سوتێنراون، بەهۆی ئەوەی هێڵی سوریان لێدرابوو.

ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان لە پارێزگاکانی عێراق دوای تانە لێدان و گومانی دەستکاریی دەنگەکان هات و یەکێک لەو پارێزگایانەش سلێمانی بوو.

ب.ل