پادێ پیداویستییەکانی پیرۆزکردنی چوارشەممە سوور-ی دابە ئێزدییەکان

ئامادەکاری بۆ پیرۆزکردنی جەژنی چوارشەمە سوور-ی ئێزدییەکان دەکرێت، لەوچوارچێوەیەدا پادێ بۆ ئامادەکاریی پیرۆزکردنی ئەو جەژنە سەردانی ئاوارەکانی کامپی ئاشتی لە عەربەت کرد، هاوکارییەکانی پەیوەست بەو جەژنەیان بەسەر ئێزدییەکاندا دابەشکرد.


ئەمڕۆ شاندێک لە پارتی ئازادی دیموکراتی ئێزدی- پادی، بە مەبەستی پیرۆزکردنی جەژنی چوارشەمە سوور و ئامادەکارییەکان بۆ ئەو ڕۆژە، سەردانی ئێزدییەکانی کامپی ئاشتی-یان لە شارەدێی عەربەت ی سەر بە پارێزگای سلێمانی کرد.

چوارشەممە سوور، لای ئێزدییەکان جەژنی سەرەتای ساڵی نوێی-یە، لەو ڕۆژەدا بە چەندین شێوەیە جەژنەکە پیرۆزدەکەن.

ئێزدییەکان لە جەژنەدا سەردانی لالش دەکەن و مەراسیمی ئاینیی جۆراوجۆر بەڕێوەدەبەن، هاوکات هەر خانەوادەیەک لەماڵەکەیدا جەژنەکە بەرز ڕادەگرێت، کە تێیدا هێلکە دەکوڵێنن و رەنگی دەکەن و دەیخۆن، هەروەها نان و کونجی بەڕۆن دروست دەکەن و بەسەر هەژاراندا دابەشی دەکەن، وەک خۆیان دەڵێن، خۆشەویسترین میوانیان سەردانیان بکات لەو هێلکەیەی پێدەدەن، چونکە لایان پیرۆزە.

١٧ی ئەم مانگە جەژنی چوارشەممە سوور-ە، کە ئێزدییەکان باوەڕیان وایە، لەو ڕۆژەدا گەردوون دروستبووە و فریشتەی مەلیکە تاوس هاتووەتە سەر زەوەی، هەر لەم ڕۆژەشدا سەردانی یەکتر دەکەن.

لەو چوارچێوەیەدا پادێ سەردانی ئیزدییەکانی کامپی ئاشتی کرد، هەروەها بەشێک لە پێداویستییەکانی پیرۆزکردنی چوارشەممە سوریان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکرد.

س.ح