پارتی لە سیستمی سەرۆكایەتی پەشیمان بووەتەوە و پەرلەمانیی دەوێت

بەوتەی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، ئەو حزبە دەیەوێت لە هەرێمی كوردستان كار بە سیستمی پەرلەمانی بكرێت، لەكاتێكدا پێشتر سوور بوو لەسەر سیستمی سەرۆكایەتی.


ئەمڕۆ، هێمن هەورامی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیی هەبوو، چەند پرسێكی باسكرد.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، باسی لە چۆنێتیی هەڵبژاردنی سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستان كرد، ئاشكرایكرد، پارتی دەیەوێت كار بە سیستمی پەرلەمانیی دیموكراسی بكرێت و پەرلەمان ئەو پرسە یەكلاییبكاتەوە.

پێشتر پارتی لەگەڵ ئەوەدابوو لە هەرێمی كوردستان كار بە سیستمی سەرۆكایەتیی بكرێت و لەو بارەیەوە لەگەڵ زۆرێك لە لایەنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی، تووشی ململانێیەكی قورس بوو.

لەبارەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێمەوە، هێمن هەورامی ئاشكرایكرد، هەفتەی داهاتوو لەوبارەیەوە گفتوگۆكان دەستپێدەكەنەوە.

هەورامی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی وەكو هاوبەشێكی گرنگ وەسفكرد، بزوتنەوەی گۆڕانیشی بە هێزێكی كاریگەر ناوبرد، بۆیە پێی وایە، پێكهێنانی حكومەت لەسەرشانی سێ لایەنی براوەی یەكەم و دووەم و سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم دەبێت.

ش.ف