پارتی ٢٢ ساڵە کۆمەڵکوژیی هەولێری ئەنجامداوە و تەرمەکانیش ناداتەوە

٢٢ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی هەولێردا تێپەڕدەبێت، کە لەلایەن پارتییەوە ئەنجام درا و چەندین گەریلای بریندارو چالاکی سیاسی و ڕۆژنامەنووس شەهید کران، کەسوکاری ئەو شەهیدانەش داوای گەڕانەوەی تەرمی شەهیدەکانیان دەکەن، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم و پارتی بەهیچ شێوەیەک هاوکارییان نەکردوون.


لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە کاتژمێر ٠١:٠٠ پاش نیوەرۆی ١٦-٥-١٩٩٧، چەکدارانی پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق پ د ک، لەسەر داواکاریی حکومەتی تورک هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانەیەک کە گەریلا بریندارەکانی پەکەکەی تێدا چارەسەردەکران و ٨٠ گەریلا و ئەندامی نەخۆشخانەکەی شەهید کرد.

نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، بە ساڵانێکی ڕەشی مێژووی گەلی کورد دەناسرێت، کە لە ساڵی ١٩٩٧دا - پەکەکە و پارتی لە ئاگربەستدابوون و پارتی ڕاگەیاندبوو، کە هاوکاریی سوپای تورک ناکات دژی گەریلاکان، بەڵام پارتی پاشگەزبوویەوە لە بەڵێنەکەی.

دوای شکاندنی بەڵێنەکەی، چەکدارانی پارتی لەگەڵ هێرش بۆسەر نەخۆشخانەکە، هێرشیان کردە سەر ناوەندی گشتی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، ناوەندی کلتوری میزۆپوتامیای هەولێر، یەکێتی ژنانی ئازادی کوردستان، هەروەها هێرشکرایە سەر ڕۆژنامەکانی وڵات و رۆژنامەی عەرەبی (شمس الوطن) و ناوەندەکانی ئەو ڕۆژنامانەیان تۆپبارانکرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا ژمارەیەکی زۆر مرۆڤی بێ چەک بوونە قوربانی و شەهیدبوون، پاش ئەوە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی چالاکوانانیان دەستیپێکرد.

بەگشتی لەئەنجامی ئەو کۆمەڵکوژییەدا ٥٢ گەریلای بریندار و نەخۆشی پەکەکە و هەندێک لە کارمەندان و وڵاتپارێزانی نەخۆشخانەکە شەهیدکران، لەو کەسانەی کە دەستگیریشکران مەزەندە دەکرێت زۆربەیان کوژرابن، بە گشتی نزیکەی ٨٠ کەسی بێ چەک لەلایەن چەکدارانی پارتییەوە کۆمەڵکوژکران.

لە دوای ئەو کۆمەڵکووژییەی هەولێر، تەرمی گەریلاکان و ئەندامانی نەخۆشخانەکە نەدرایەوە بنەماڵەکانیان و هەروەها تەرمی ژمارەیەک لەو شەهیدانە لەنزیک فڕۆکەخانەی هەولێر بەخاکسپێردراون، کەسوکاری بێسەروشوێنبووان و کۆمەڵەی هێڤی بۆ پشتیوانیی لە قوربانیانی جەنگ، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا چەندین جار سەردانی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی کاروباری ئەنفال و شەهیدان، کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ و پەرلەمانی عێراق-یان کردووە و دەربارەی ئەو کۆمەڵکووژییە و دۆزینەوەی شەهیدەکانیان یاداشتیان پێشکەش کردووە.

بە وتەی کەسوکاری ئەو شەهیدانە، تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە و تەنها بەڵێنی بێ کرداریان پێدراوە، بەتایبەت پارتی دموکراتی کوردستان هیچ کات ئامادە نەبووە قسەشی لە سەر بکات.

حەمە سالح رەحیم، باوکی ناهیدە ناسراو بە 'ڕووکەن' کە ئەندامی رۆژنامەی وڵات بووە، دەربارەی ئەو کۆمەڵکووژییە و بەدواداچوونیان بۆ ئەو ڕووداوە دەڵێت: ئامانجی سەرەکی کۆمەڵکووژی هەولێر دەگەڕێتەوە بۆ دڵسۆزی پارتی لە گەڵ تورکیا، من نازانم پەکەکە هیچ تاوانێک یاخود هەڵەیەکی نەکردبوو، بۆ دەبێت وایان بە سەر بێت، کە زۆر ناڕەوابوو.

باوکی شەهید روکەن وتیشی: دەوڵەتی تورک یەکەم جاری نەبووە لە کۆمەڵکووژکردنی خەڵک، لە سەدەکانی ڕابردووەوە بەردەوامە لە کوشتنی کورد، ئەرمەن و مەسیح و هەموو پێکهاتەکانی دیکە، ئەم هاوکارییەی پارتیش لە گەڵ تورکیا هەر بە زیانی خودی خۆی دەشکێتەوە.

هەروەها غەریب محەمەد برای شەهید ئازاد، کە یەکێک بووە لە بەڕێوەبەرانی ڕۆژنامەی وڵات، وتی: ئەو کەسانەی کە شەهید بوون کاروخەباتیان لە پێناو تێکۆشانێکی ڕاستەقینە بووە و هیچ کات خیانەتیان نەکردووە، ئەو تاوانانە ئێستاش لەلایەن تورکیاوە درێژەی پێدەدرێت، لە بەرامبەریدا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دەوڵەتی تورک دەکەن و هەروەها بێدەنگن لە دژی ئەو هێرشانە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە تا ئێستا لە خەتی خیانەتدا دەژین.

"شەهید ئازاد"

برای ئەو شەهیدە وتیشی: وەک بنەماڵەی شەهیدان داوای یەکێتی نەتەوەیی دەکەین و ئەگەرچی برا و ڕۆڵەمان شەهید بووە با لێرەوە بەس بێت و ئیدی درێژە بەو سیاسەتە هەڵە نەدەن.

س.ح