پارتی ڕازیبووە بە پێدانی ١٢%ی پۆستەکان بە گۆڕان

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، کە پارتی لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ-دا لەگەڵ شاندی بزووتنەوەکەیان، ڕەزامەندییان لەسەر پێدانی لەسەدا ١٢ی پۆستەکانی حکومەت بە بزووتنەوەکە دەربڕیوە.


دوێنێ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، سەردانی مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد لە سلێمانی و دوای کۆبوونەوەیەکی چوار کاتژمێریی ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە کە تییدا ڕێککەوتنی هەردوولا لەسەر چوار خاڵ ڕاگەیەندرا.

هەرچەندە یەکێک لە خاڵەکانی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی گۆڕان و پارتی ئەوەیە، کە هەردوولا بەشداریی دانیشتنەکەی سبەینێی پەرلەمان دەکەن، بەڵام بەڵێن ئیسماعیل، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی هەردوو جڤاتی گشتیی و نیشتمانیی گۆڕاندا بڕیاری لەسەر دەدرێت کە بەشداریی دەکەن یان نا.

بەڵێن ئیسماعیل ئامادەنەبوو ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەی نێوان گۆڕان و پارتی بخاتەڕوو، بەڵام ئاشکرایکرد، کە شاندی پارتی ڕەزامەندییان بە پێدانی لەسەدا ١٢ی پۆستەکانی حکومەت بە گۆڕان دەربڕیوە.

بڕیارە کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئەمڕۆ هەردوو جڤاتی گشتیی و نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆببنەوە و تێیدا بڕیار لەسەر ڕێککەوتنە سیاسییەکەیان لەگەڵ پارتیدا بدەن.

ش.ف