پارتی ڕێگەی نەدا بەرپرسێک بچێتە شەقڵاوەوە، ئەویش تەواوی ڕێگاکەی داخست

لە بازگەی زینەتیری سەر بە شارۆچکە شەقڵاوە کە بەدەست "پارتی'ـەوەیە، ڕێگری لە بەڕێوەبەری شارەدێی بالیسان کرا، بەڕێوەبەرەکەش کە سەر بەدەسەڵاتی یەکێتییە، ڕێگای سەرەکی بالیسان – شەقڵاوەی داخست.


ئەمڕۆ پاشماوەکانی دووئیدارەیی نێوان یەکێتی و پارتیی، لە سنووری شەقڵاوە ئاڵۆزی لێکەوتەوە و لە ئێستادا ڕێگاکە بەتەواویی داخراوە.

هێمن عەبدوڵا بەرێوەبەری شارەدێی بالیسان، دەربارەی ڕێگرییەکە بە ڕۆژنیوزی وت، بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستی بۆ سنووری شارەدێی بالیسان لە گەڵ دوو فەرمانبەری دیکە ویستوویان بەچةە شەقڵاوە، "لە بازگەی زینەتیر کە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندایە، لێیە ڕێگریمان لێکرا بە بیانوی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دیارە شارەدێی بالیسان سەر بە شارۆچکەی شەقڵاوەیە و پێویستە بۆ پێداویستی و داخوازی سنوورەکە سەردانی شەقڵاوە بکەین، بەڵام بەداخەوە ڕێگریمان لێکراو ئەو ڕێگرییەش هیچ بنەمایەکی نییە و تەنیا بیانوو بووە".

بەڕێوەبەری شارەدێکە دەشڵێت: لە بەرامبەردا ئێمە وەک کاردانەوە بەرامبەر بەو ڕێگرییەی ئەوان، وەک شارەدێی بالیسان بڕیارماندا رێگای زینەتیر و خەلیفان بە تەواوی دابخەین".

شارەدێی بالیسان لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە شارۆچکەی شەقڵاوەی سنووری پارێزگای هەولێرە، بەڵام وەک دەسەڵات لە ژێر دەستی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندایە.

س.ح