پارتی گرەوێکی لە گۆڕان بردەوە

لە سەروەختی بانگەشەی هەڵبژاردندا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان وتبووی، "لەگەڵ پارتی ڕێککەوتووین لە دوو مانگی یەکەمی حکومەتی هەرێمدا پرۆژە یاسای چاکسازیی تێبپەڕێنین، ئەگەر ئەوە نەکرا ئەوە ڕێککەوتنەکە لە درۆیەکی گەورە زیاتر هیچیتر نەبووە"، بەڵام چوار مانگ بەسەر سوێندخواردنی کابینەی نوێدا تێپەڕبووە و هێشتا ئەو پرۆژە یاسایە نەنێردراوتە پەرلەمان، کە عەلی حەمەساڵح بە "سەنگی مەحەک" ناویدەبرد.


پەسەندكردنی پرۆژەیاسای چاكسازیی کە لە نزیکەی ٢٠ ماددە پێکدێت، بەشێكە لە كارنامەی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە بڕیاربوو لە مانگی ٩ی ئەمساڵدا ئەو پرۆژە یاسایە بنێردرێتە پەرلەمان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەنێردراوە.

پەسەندکردنی پرۆژە یاسای چاکسازیی یەکێک بوو لە پێشمەرجەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەشدارییکردنی لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕانیش، دەبوو لە دوو مانگی یەکەمی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆدا ئەو پرۆژە یاسایە لە پەرلەمان پەسەندبکرایە.

هەرچەندە زیاتر لە چوار مانگ بەسەر سوێندخواردنی کابینەی نوێی حکومەتدا تێپەڕبووە، بەڵام هەتاوەکو ئێستا حکومەت پرۆژە یاساکەی نەناردووەتە پەرلەمان، ئەمەش بووەتە جێی نیگەرانیی بزووتنەوەی گۆڕان.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی هێشتا پرۆژە یاسای چاکسازیی نەچووەتە پەرلەمان لەکاتێکدا ئێوە لەگەڵ پارتی ڕێککەوتبوون لەسەر ئەوەی لە دوو مانگی یەکەمدا جێبەجێی بکەن؟ وتی: پرۆژەکە لە زووترین کاتدا دێتە پەرلەمان.

لەسەر هەمان پرس، هێمن شێخانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی و باژێڕوانی هەولێر-ی بزووتنەوەی گۆڕان پەنجەی تۆمەت بۆ یەکێتی و پارتی درێژدەکات و بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: یەکێتی و پارتی ڕێگانادەن ئەم پرۆژەیە بێتە پەرلەمان، چونکە بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە سزادانی کۆمەڵێک بەرپرسی باڵایە لە هەردوولا، کە لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون.

دەشڵێت:"تا دوو مانگی دیکە چاوەڕوان دەکەین پرۆژە یاسای چاکسازیی ببرێتە پەرلەمان، ئەگەر نەبرا ئەوکات هەڵوێستی دیکەمان دەبێت".

بەپێی پرۆژەیاسای چاكسازیی ئەو كەسانەی بە پلەی باڵا بە نایاسایی خانەنشین كراون مووچەكەیان دەبڕدرێت و خانەنشینی نایاسایی نامێنێت، هەر بەپێی پرۆژەیاساكە، یەكەكانی ژمێریاریی هێزەكانی ٧٠ و ٨٠ هەڵدەوەشێنرێنەوە و ئەوانەی بە نایاسایی پلەیان بەرزكراوەتەوە، پلەكانیان لێ وەردەگیرێتەوە.

س.ح