پارتە كودییەكانی باكوری كوردستان داگیركاریی لە خواكورك شەرمەزار دەكەن

پارتە كوردییەكانی باكوری كوردستان، هێرش و داگیركارییەكانی سوپای تورك لە چیای خواكورك شەرمەزار دەكەن و دەڵێن، بە هێرشی سەربازیی هیچ ئەنجامێك بەدەستنایەت.



تەڤگەری ئازادیی، پارتی هەرێمی دیموكراتیك- دەبەپە، كۆمەڵەی كوردی دیموكراتیكی شۆرشگێڕ، پارتی ئازادیی مرۆڤ، پارتی كۆمەنیستی كوردستان، پلاتفۆڕمی دیموكراتی كورد، پارتی دیموكراتی كوردستان- توركیا، كە لەهەڵبژاردنەكانی شارەوانی توركیا كە لە ٣٠ی ئازاریی ئەمساڵدا ئەنجامدرا لەگەڵ هەدەپە، هاوپەیمانێتییان پێك هێنا، لە ڕاگەیەندراوێكدا، داگیركەرییەكانی سوپای توركیان لە باشوری كوردستان شەرمەزاركرد.


لە ڕاگەیەندراوەكەدا، هاتووە، هێرش و داگیركارییەكانی سوپای تورك لە باشوری كوردستان كە بەناوی چالاكی چەكوش و چەندین ناوی دیكە ئەنجامی داوە، هیچ ئەنجامی نەبووە و ئێستاش ئەوەی دەیكات ئەنجامی نابێت.


لە ڕاگەینراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، بەبێ‌ بوونی كورد سیاسەت لەناوچەكەدا بەڕێوە ناچێت، لەباشوری كوردستان حكومەتێكی فیدراڵی دروست بووە لە ڕۆژئاوا كوردستانیش بەهەمان شێوە حكومەتێكی فیدراڵی لە دروست بووندایە، لەم كاتەدا سیاسەتی شەڕخوازانە سەركەوتوونابێت.


بەیاننامەكە ئاماژەی بەوە داوە، لەدوای 8 ساڵ توركیا ڕێگەیدا بە دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان، ئەمەش هەنگاوێك بوو بۆئەوەی دیسان لەسەر چارەسەری ئاشتیانە گفتوگۆ دەست پێبكات، بەڵام توركیا لەهەمان كاتدا هێرشی بۆسەر باشوری كوردستان ئەنجامدا، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت توركیا چارەسەری ئاشتییانەی ناوێت، بەڵكو چارەسەر تەنها لەشەڕدا دەبینێتەوە.


لەبەیاننامەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئامانجی توركیا لەهێرشەكانی بۆسەر خواكورك و قەندیل بۆ پارچەپارچەكردن و لێكدابڕینی باشور و ڕۆژئاوای كوردستانە، هاوكات ئەمە پەیامێكە بۆ ئەمریكا ئەگەر هاتوو توركیا لەهێرشەكانی بۆسەر باشوری كوردستان سەركەوتوو بوو، سیاسەتی خۆی لەسوریاش بەهێزبكات و لەڕۆژئاوای كوردستان هێرش بكاتە سەر ناوچەی خۆرهەڵاتی فورات.


لەكۆتایی ڕاگەینراوەكەدا پارتە كوردییەكانی باكور دەڵێن، چارەسەری لەشەڕدا نیە، بەڵكو چارەسەری لەوەدایە توركیا دان بە باشور و ڕۆژئاوای كوردستان بنێت نەك دروستكردنی دیوار لەسنوری توركیادا، چونكە باشور و ڕۆژئاوای كوردستان دەروازەیەكە توركیا بەڕۆهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە، پێویستە توركیا پەیوەندی خۆی لەسەربنەمای دۆستایەتی لەبواری سیاسی و بازرگانی دروست بكات، چارەسەری تەنها ئەوەیە توركیا لەگەڵ لایەنە كوردییەكان بگەڕێتەوە سەرمێزی گفتوگۆ و بەشێوازێكی ئاشتییانەو دیموكراتییانە مامەڵەبكات. 


د.ح