چوار پارت و ڕێکخراوی باکووری کوردستان و تورکیا ڕایدەگەیەنن، گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان و تاوانی دژی مرۆڤایەتییە و داوا دەکەن، گۆشەگیریی لەسەر هەڵبگیرێت.
ئەمڕۆ هەریەک لە کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکرات-کەجەدە، تەڤگەری ژنانی ئازاد-تەژەئا، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان-دەبەپە و پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە دەربارەی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ناوەندی گشتیی دەبەپە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.
ساڵح ئایدەنیز، هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا تیشکی خستەسەر ئەو دوو سزایەی کە بەمدواییە بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا سەپێندراوە و وتی: تورکیا لەسەر میکانیزمەکانی دەوڵەت بەڕێوەناچێت، بەهۆی گۆشەگیرییەوە کێشەی دیموکراسیی هەیە، سووربوون لەسەر گۆشەگیریی بەربەستی گەورەی بەردەم دیموکراتیبوون.
هاوسەرۆکی دەبەپە ئاماژەی بەوەشکرد، کە گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان دژی پەیمانە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە و وتی: قەدەغەکردنی دیدار لە بۆ ماوەی شەش مانگ و سێ مانگ بەگوێرەی یاسا نەبووە، گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان دوژمنایەتیی گەلی کوردە، دەبێت دەست لەم سیاسەتە گۆشەگیرانە هەڵبگیرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئایدەنیز ئەوەشی نەشاردەوە، کە نەبوونی زانیاریی لەبارەی تەندروستیی ڕێبەر ئۆجالانەوە ئەوانی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە و وتی: ملیۆنان کەس ڕێبەر ئۆجالان بە ڕێبەری خۆیان دەزانن، بۆ بەدیهێنانی دیموکراسیی لە تورکیا، پێویستە کۆتایی بە گۆشەگیریی بهێندرێت.
هاوسەرۆکی دەبەپە داواشی لە توێژە جیاجیاکان و ئۆپۆزسیۆنەکان کرد، دژ بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان بووەستنەوە، هاوکات جەختیشیکردەوە، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ڕێکخراوی سی پی تی-ش بەرپرسیارێتییان دەکەوێتە ئەستۆ و پێویستە ئەرکەکانیان لەو ڕووەوە جێبەجێ بکەن.
ب.ل