پارێزگاری هەولێر: سەرجەم تۆمەتبارانی کەیسی منداڵە ٧ ساڵانەکە دەستگیرکرانەوە

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، سەرجەم ئەو تۆمەتبارانەی کە لەکەیسی دەستدرێژی کردنە سەر کچە حەوت ساڵانەکەی شاری هەولێر، لەلایەن دادگاوە بە دانانی دەستەبەر ئازادکرابوون، بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت دەستگیرکرانەوە کە ژمارەیان پێنج کەس بووە.


کەمێک پێش ئێستا، فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ڕوونکردنەوەی لەباری کەیسی دەستدرێژی کردنە سەر کچە تەمەن حەوت ساڵانەکەی شاری هەولێرەوە دا.

پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند، کە بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم ئەو تۆمەتبارانە دەستگیرکرانەوە، کە لەلایەن دادگاوە بە دانانی دەستەبەر ئازادکرابوون، جارێکی دیکە ئازاد ناکرێن و سزا دەدرێن.

لەبارەی هەڕەشەکردن لە باوکی منداڵە حەوت ساڵانەکە، پارێزگاری هەولێر وتی: سبەینێ پێشوازی لە باوکی ئەو کچە دەکەم، لێکۆڵینەوە لەو کەسانە دەکەین کە هەڕەشەیان لێکردووە و ڕووبەڕووی یاسایان دەکەینەوە.

ئازادکردنی چەند تۆمەتبارێک، لە کەیسی دەستدرێژی کردنە سەر کچە تەمەن حەوت ساڵانەکەی شاری هەولێر و هەڕەشەکردن لە باوکی، کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو بڕیار وایە سبەینێ لەشاری سلێمانی و هەولێر و کەرکوک گردبوونەوە دژی ئەو پرسە ئەنجامبدرێت.

د.ع