پارێزگاری سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی كۆلێرا چەند بڕیارێکی دەركرد و داوا لە وەزارەتی دارایی دەكات، بودجەی کتوپڕ بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە و دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاوڵاتیان دابینبكات.
ئەمڕۆ، د.هەڤاڵ ئەبوبکر، پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی قائیمقامی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی قایمیقامی قەزاکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرەکانی ئاسایش و پۆلیس و ئاو ئاوی دەوروبەری سلێمانی و خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی و بەرپرسی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئۆفیسی WHO لە سلێمانی كۆبونەوە.
لەسەر كۆبونەوەكە پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیداهاتووە: لە كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی تەندروستیی گشتیی و تۆمارکردنی حاڵەتەکانی کۆلێرا لە سلێمانی و شارەکانی تری هەرێمی کوردستان و عیراق و هۆکارو چارەسەرو ڕێکارە چارەسەرسازیی و خۆپارێزییەکان کرا.
هەروەها، بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆلێرا لە پارێزگای سلێمانی بە سەرۆکایەتیی پارێزگارو بە ئەندامێتی فەرمانگا پەیوەندیدارەکان، لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی تەواو لەژێر ڕێنمایی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆلێرادا درایە هەموو سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان.
وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: دەسەڵاتی تەواو درایە لیژنەکانی تەندروستی و قائمقامیەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر، کە بە سەرپەرشتیی سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و فەرمانگاکانی تەندروستیی و ئاوو فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی ترو ئاسایش و پۆلیس ڕێکاری پێویست لەبەرامبەر هەر سەرپێچی و هۆکارێکی پیسبوونی ئاوو خۆراکدا بگرنەبەر.
داوا لە هەموو دامەزراوە حکومییەکان و کەرتی تایبەت و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و هاووڵاتیانی خۆشەویست کرا، پابەندی ڕێکارە خۆپارێزییەکان بن و بەشداربن لە هەڵمەتی هۆشیاریی و خۆپارێزیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆلێرا.
پارێزگای سلێمانی داوا لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکانی دارایی و تەندروستی و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ئیتحادی دەكات، بۆ دابینکردنی بودجەی کتوپڕ بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایەو دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتیان.
س.س