پارێزگای هەڵەبجە دوو پارێزگاری هەیە


رۆژنیوز ـ هاوكار مستەفا

وێڕای ئاڵوگۆڕی پۆستەکە، عەبدوڵا نەوڕۆڵی كە لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆران پۆستی پارێزگاری هەڵەبجەی پێدرابوو دەڵێت، تا ئێستا وەزارەتی ناوخۆ وەڵامی دەستلەلەكاركێشانەوەكەمی نەداوەتەوەو لە ڕووی یاسایی و ئیدارییەوە هێشتا پارێزگای هەڵەبجەم، دەستەڵاتیشم نیە كە سێك بكەمە پارێزگای هەڵەبجە.

بە مەبەستی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نشتیمانی كوردستان، ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە كراو هەروەها لە 25/8/2016 عەبدولا نەوڕۆڵی پارێزگای هەڵەبجە نامەی دەستلەكار كێشانەوەی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە، بەلام تا ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە.

عەبدوڵا نەوڕۆڵی، پارێزگاری هەڵەبجە كە لە ئێستادا نامەی دەستەلەكاركێشانەوەی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ كردووەو کەسێکیتر بەوەکالەتە لە شوێنەکەی وەک پارێزگار دانراوە، بە ڕۆژنیوزی وت:"لە رووی ئیداریی و یاساییەوە تا ئێستا من پارێزگاری هەڵەبجەم، چونكە هێشتا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە ( ئینفیكاك ) هەڵوەشانەوەم بۆنەكراوە لە پۆستەكەم".

وتیشی:"ئەو دەستەلەكاركێشانەوەیەی كە داوامکردووە لە وەزارەتی ناوخۆ تا ئێستا بەشێوەیەكی فەرمی لە لایەن وەزارتی ناوخۆوە وەڵام نەدراومەتەوە، هەروەها من بۆخۆم ئەوەم دەزانی كە لە رووی ئیدارییەوە ناتوانم كەسێك بكەم بە پارێزگار بە شێوەی وەكیل، چونكە دانانی پارێزگار لە دەستەڵاتی مندا نییە".

پارێزگاری هەڵەبجەئەوەشی وت:"لە 25/8/2016 بە نوسراوی فەرمی داوای بەخشینم كردووە لە پۆستەكەم، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراومەتەوە، بۆیە ئەوەی كە كردوومە وەك پابەندبونێك بەو ڕێككەوتنەوە كردوومە كە لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نشتیمانی كوردستان واژۆی لەسەر كراوە".

لای خۆیشییەوە كۆساڵان ئەبوبەكر، سكرتێری مەكۆی هەڵەبجەی بزوتنەوەی گۆڕان بە ڕۆژنیوزی وت:"بە هۆی چارەسەرنەكردرنی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم و نەبونی كاندید لە یەن یەكێتی نشتیمانی كوردستانەوە بۆ پۆستی قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە، تا ئێستا نەمان توانیوە ئاڵوگۆڕبكەیەن لە نێوان پۆستی قایمقامی هەڵەبجەو سلێمانی هەروەها تا ئێستاش پۆستی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە كە پشكی گۆڕانە پڕنەكراوەتەوە، چونكە واژۆی مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم بەشەرعی نازانین".

ئەوەشی خستە روو، هەركات گۆڕانكاری لە پۆستی قایمقامی سلێمانی كرا، ئەوا لە هەڵەبجەش ئەو پۆستە دەدرێت بە ئێمە، بۆ ئەومەبەستەش حەمید بارام بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە بە وەكالەت پۆستی قایمقامی هەڵەبجە بەڕێوە دەبات.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ئێستادا عەلی عوسمان پارێزگاری هەڵەبجە لەسەر پشکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

س.ح