تیمی پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان جارێکی دیکە داواکارییان بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان پێشکەشی دادگای کۆماریی تورکیا کرد.
ئەمڕۆ پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان داواکارییەکی دیکەیان بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان، ئاراستەی داواکاری گشتیی بورسا و بەڕێوبەرایەتیی زیندانی ئیمرالی کرد.
ئەوەش لەکاتێکدایە دادگای سزا قورسەکانی بۆرسا ڕۆژی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ وەڵامی داواکارییەکی پارێزەرانی ڕێبەر ئۆجالانی بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان داوەتەوە و ڕایگەیاندووە، کە سێ مانگی دیکە سزای دیسپلین بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا سەپێندراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە سزاکە لە ٣١ی ئایارەوە دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی سێ مانگ ڕێبەر ئۆجالان بێبەش دەکرێت لە ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ پارێزەران و کەسوکاریدا، بەو پاساوەش سەرجەم داواکارییەکان بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان ڕەتدەکرێنەوە.
لە ساڵی ٢٠١١ەوە پارێزەرانی ڕێبەر ئۆجالان تەنها پێنج جار توانیویانە چاویان بە ڕێبەر ئۆجالان بکەوێت، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە تائێستاش سەرجەم داواکارییەکان بۆ ئەنجامدانی دیدار لە ئیمرالیی لەلایەن داواکاری گشتیی تورکیاوە وەڵام نەدراونەتەوە.
ب.ل