پارێزەران لە هەولێر: تورکیا تەنها مەبەستی ڕۆژئاوا نییە و مەبەستی باشوریشە

پارێزەرانی شاری هەولێر باس لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەکەن، هاوکات ئاماژە بەوە دەکەن، کە دەوڵەتی تورک تەنها ئامانجی ڕۆژئاوا نییە و بەڵکو مەبەستی داگیرکارییە لە باشوری کوردستانیش.


داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامیی هەیە، لەو چوارچێوەیەدا پارێزەران لە شاری هەولێر بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

سەردار هەركی دەڵێت: ئێمە بە هەموو شێوازێك پشتگیری ڕۆژئاوا دەکەین، پێشتریش چەندین جار چووینەتە رۆژئاوا، ئەم هێرشانە جێگەی نیگەرانییە، بەڵام خۆشبەختانەش ئەوە ڕەشیی توركیا دەردەخات بۆ جیهان و دۆزی گەلی كوردیش هیچ جارێكیش بەقەد ئەمجارە بەهێز نەبوە.

سەردار ڕەخنەی لەوە گرت کە تا ئێستا کورد یەکێتیی ناوخۆی پێکنەهێناوە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە خەڵک خۆی بە یەکدەنگی دژایەتیی داگیرکارییەکان دەکات، وتیشی: ئەگەر داگیرکاریی لە ڕۆژئاوا سەربکەوێت ئەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر باشوری کوردستانیش دەبێت، چونکە چاوچنۆکیی تورکیا سنووری نییە.

ئیبراهیم عەبدولوەهاب وتی: جێگای داخە لە سەدەی ٢١ دەوڵتێک لە ناتۆ كە بانگەشەی دەوڵەت و یاسا و دیموکراسی دەكەن بەبێ هیچ یاسایەك جەنگێكی خوێناوی دروست دەكەن و هێرشی خوێن ڕشتن دەکەنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، کە تا ئێستا زیانی یەك فیشەك و یەك دڵۆپە خوێنی بۆ توركیا نەبووە.

ئەو پارێزەرە باس لەوەش دەکات، توركیا سەلماندوویەتی زۆر فاشیستە و ڕێز لە مافی مرۆڤ ناگرێت، دەشڵێت: ئەوەی سەلمێنراوە تورکیا مەبەستی تەنها ڕۆژئاوا نییە و مەبەستیان باشوری كوردستایشە، لەم دۆخەدا یەکنەبوونی حزبەکان شەرمەزارییە و دەبێت یەکدەنگی دروستبکرێت.

س.ح