پارێزەرێکی داوا دەکات ئۆجالان بتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ گەلدا قسە بکات

سەربای کۆکلو پارێزەری عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، لە دژی گۆشەگیرییەکان سەر ئۆجالان ناڕەزایەتی دەربڕی و وتی "لە بارەی بارودۆخ و مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو رێوشوێنانەی گیراونەتە بەر، دەبێت بەڕێز ئۆجالان بتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ جەماوەر و رای گشتی قسە بکات."


سەربای کۆکلو، پارێزەری عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، لە بارەی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرنا و بەتایبەت کاریگەرییەکانی لەسەر زیندانی ئیمرالیی، لێدانیدا.

لە سەرەتای قسەکانیدا، سەربای کۆکلو وتی:"لە ماوەی ٢١ ساڵدا لە رووی ئایدۆلۆژی و سیاسی و فەلسەفیەوە فشار و هێرشی زۆر کرایە سەر بەڕێز ئۆجالان، لە کەسایەتی ئەویشدا لە دژی ئەوە فشار و هێرشانە، تێکۆشانێکی بەهێز بەڕێوە چوو."

دەربارەی مەترسییەکانی کۆرۆنا پارێزەرەکەی ئۆجالان وتی:"لەم بارودۆخەدا ئەو کەسانەی جەستەیان لاوازە مەترسیەکی زیاتر لەسەر ژیانیان هەیە، لە گرتووخانەکانیش زۆر هۆکار هەن کە ئەم مەترسیە زیاتر دەبێت، بۆیە ژیانی زیندانیان لە مەترسیدایە، بەڵام بە تایبەت لە بارەی بەندیخانەی ئیمرالی نە هیچ رێوشوێنێک و نە رێکارێکی وەکو گرتووخانەکانی دیکە نەگیراوەتە بەر".

کۆکلو وتیشی:"لەم رووەوە ئەوا ٢١ ساڵە لە ئیمرالی جیاکاری ئەنجام دەدرێت، رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ئیمرالی و دواتر رێگەپێدان بۆ سەردانی خانەوادەی ئۆجالان بۆ ئیمرالی، نمونەیەکی جیاوازمان بۆ ئاشکرا دەکات، لەم چەند ساڵەی دواییدا ئاشکرا بوو کە بۆ ئەوەی بتوانرێت سەردانی دوورگەی ئیمرالی بکریێت، دەبێت چالاکیەکانی وەکو مانگرتن لە خواردن یان هەر هۆکارێکی دیکە لە ئارادابێت".

لە بەردەوامییدا دەڵێت:"لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم بارودۆخە نەک تەنها بۆ خودی بەڕێز ئۆجالان مەترسیدارە، بەڵکو لە کەسایەتی ئەودا کە رێبەری گەلی کوردە، مەترسی لەسەر گشت گەلی کورد هەیە، لە راستیدا هەر رووداوێک لە ئیمرالی روو بدات، لە هەمان کاتدا لە دژی هەموو گەلی کوردە، هیچ یەکێک لەو رووداوانەی لە ئیمرالی روودەدەن، بە بێ مەبەست نیە. لە ئێستادا لە دوورگەی ئیمرالی گۆشەگیریەکی دژی یاسا و ئەخلاق بەڕێوە دەبرێت، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا پێویستە بەڕێز ئۆجالان بتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ جەماوەر و رای گشتی قسە بکات."

"سەردانی بەرپرسانمان کرد"

ئەو پارێزەرەی ئۆجالان دەشڵێت: بۆ ئەوەی هەموو گومانەکان بڕەوێنەوە، دەبێت پەیوەندی لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان ئەنجام بدرێت، لەم چوارچێوەیەدا بەردەوامین لە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسە پەیوەندیدارەکان، دوای ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا بڵاو بووەوە، ئێمە وەکو پارێزەرانی بەڕێز ئۆجالان سەردانی داواکاری گشتی بورسا و دادگای سزا قورسەکانی بورسا و وەزارەتی دادمان کرد.

"بە گشتی داواکاریەکانمان ئەمانەن، پشکنینی ورد بۆ تەندروستی بریگرتەکانمان ئەنجام بدرێت، ئامێری پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندیخانە هەبێت، پشکنیان بە رێکوپێکی ئەنجام بدرێت، ئەنجامی پشکنینی تەندروستی بریگرتەکانمان رادەستی پارێزەران بکرێت، بریگرتەکانمان بە ئاسانی دەستیان بە مادەی پاککەرەوە و دەستکێش و دەمامک و پێداویستیەکانی دیکەی پاککەرەوە بگات، هەتا ئەگەر پێویست بکات خەرجیەکەی لە لایەن ئێمەوە دابین بکرێت، ئەو ژوورانەی تێیدا دەمێننەوە بەرفراون و گەورە بکرێن و بتوانن بە بەردەوامی هاتوچۆی دەرەوە بکەن، هەموو کارمەند و چاودێرانی بەندیخانەکە بە بەردەوامی پشکنینیان بۆ ئەنجام بدرێت و هەر رێوشوێک کە دەگیرێتە بەر پێمان رابگەیێنرێت، هەروەها مافی بەکارهێنانی تەلەفۆن کە لە هەموو بەندیخانەکاندا بەکار دەهێنرێت، بە هەمان شێوە ئەم مافەی زیندانیان لە ئیمرالیش بەکار بهێنرێت."

"تا ئێستا هیچ زانیارییەک ڕانەگەیێندراوە"

پارێزەر کۆکلو لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: تا ئێستا لە بارەی گرتنەبەری رێوشوێنی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندیخانەی ئیمرالی هیچ زانیاریەک رانەگەیێندراوە، سەرەڕای ئەم داوایەمان بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی ئیمرالی، بەڵام دادگای سزا قورسەکان ئەمەی رەتکردووەتەوە، ئەرکی دادوەری سزا قورسەکان ئەوەیە کە تەندروستی جەستەیی و رۆحی بریگرتەکانمان بپارێزێت و پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکات.

س.ح